د.سەردار عەزیز

با سیروان نەمرێت

  2020-08-29 19:22      295 جار بینراوە        کۆمێنت

رووبارەکان لەسەفەری هەمیشەییاندا، چیرۆکی سروشت و شارستانیەتەکان و مرۆڤ دەگێڕنەوە. دەکرێت لە گەلگامیشەوە دەستپێبکەین، یان لەدڵی تاریکی جۆزێف کۆنرادەوە. کۆنراد لەو نۆڤێلا بچکۆلەیەدا لەتایمزی لەندەنەوە دەستپێدەکات و دەچێت بۆ کۆنگۆی سەردەمی لیپۆلی قاتوقڕکەر. سەفەرکردن بەنێو رووبارەکەدا وەک ئەوە وەهابوو سەفەربکەیت بۆ سەرەتای دەستپێکردنی دونیا، زەمانێک کە درەختەکان شەپۆلانیان بوو لەسەر زەوی و دارەکان پادشا بوون. جۆگەیەکی بەتاڵ، بێدەنگیەکی قوڵ، دارستانێکی تەی نەکراو.
کۆنراد چیرۆکی ئەوروپاو ئەفریقاو شارستانییەت و کۆلۆنیالیەت و بەربەریەتمان بۆ دەگێڕێتەوە، رووبارەکان ئەدەبێکی خۆیان هەیەو رۆشتن لەگەڵ ڕەوتیاندا دونیایەکی تایبەت تەی دەکەیت، زۆرێکمان وتەکەی هێراکلیتسمان بیستووە کە دەڵێت ناتوانیت دووجار لەڕووبارێک بپەڕیتەوە. یان لەڕاستیدا دەڵێت لەهەمان رووباردا هەردووکمان هەنگاو دەنێین و هەنگاو نانێین، دەنێنین و نانین. کە مەبەستی ئەوەیە دونیا هەمیشە لەدۆخی گۆڕاندایە، کاتێک لەقەراغەوە پێیەکت دەنێیتە ناو رووبارەکە، ئەو ئاوەی کە ئەو بەسەر ئەو پێیەکەتدا دەڕوات هەمان ئاو نییە. 
سیروان لەبەنداوەکەی دەربەندیخانەوە بەخێرایی دێتە دەرەوە. لەلای رۆژهەڵاتی بەنداوەکەوە ماڵێکی بچکۆلە هەیە کە دەڵێن دەگەڕێتەوە بۆ دیکتاتۆری پێشوو. ماڵەکە هیچ نیشانەیەکی مەزنی و جوانی تیادانیە. لەخوار بەنداوەکەوە وێستگەیەکی کارەبا هەیە. پەیوەندی نێوان دەربەندیخان و بەنداوو کارەبا وەک ئەفسانەیەکی کۆنە. هەندێکجار جێگای بڕوایەو زۆرجار نەخێر. کە لەوێ دەکەوێتە ڕێ، سیروان دەگاتە کەمپی خوار، وەک ئەوەی لەدەربەندیخان وەهای پێدەڵێن. ناوی کەمپ، ئاماژەیە بۆ بوونی بیانی. تەنانەت ئەوانەی کە نزیکن لەبەنداوەکەوە هەندێ وشەی جیاوازتریش بەکار دەهێنن، بۆ نموونە وەک پاراهاوس، یان ماڵی خواروو. کەمپی خوار لەسەرەوە وەها دەردەکەوێت کە جێگایەکی جیاوازبێت. رۆژانێک کۆریی و ژاپۆنی و خەڵکی وڵاتانی بلۆکی رۆژهەڵاتی لەوێ بوون. سیروان لەوێدا وەک مار خۆی پێچ دەدات. وەک ئەوە بیەوێت ئازادبێت. لە ژاڵەناو لەتەنگەبەرێکدا قەتیس دەبێت و بەپردێکی ئاسنینی دەنگ ناخۆشی کۆن ئەمبەرو ئەوبەری بە یەک گەینراوە. ئەمبەرو ئەوبەری سیروان جۆرێک لەشوناسی خەڵكی ناوچەکە دادەڕێژێت. بەردەڵانەکانی ئەوبەر چیرۆکی شەڕی براکوژی و سەربوردەی نەزانراوی ئەو چیایانە دەگێڕنەوە کە کەس نازانێت ناوەکانیان یانی چی: زمناکۆ، خۆشک، بەمۆ.
لەخوارتر سیروان لەگەڵ دێوانەدا تێکەڵ دەبێت. ئەوە یەکەم تێکەڵبوونی ئاوی چیاکانی قەرەداخە بە سیروان. گۆرانی شاعیر سەفەرنامەیکی هەیە بۆ قەرەداغ، مرۆڤ هەست دەکات کامیرا شیعرەکەی نووسیوە. هەرچەندە لەسەرووی بەنداوەکەوە ئاوی تانجەرۆی پیس بوو بەپاشماوەی کارگەکان و شاری سلێمانی دەڕژێتە ڕرووبارەکەوە. ئێمە لێرەدا چیرۆکی مەرگی بەنداوەکە ناگێڕینەوە، چونکە دەمانباتەوە بۆ جەنگی عیراق و ئێران و گەورەبوونی شارێکی ژینگە پیسی وەک سلێمانی. 
دێوانە ئیستا خەریکە دەبێتە خاوەن بەنداوی خۆی. بەنداوی کوردی زۆر کوردیانەیە. هەرچەندە چەند ساڵێکە کاری تیادا دەکەن، بەڵام هێشتا وشکە. پاش تێکەڵبوونی دێوانەیی لەگەڵ دێوانەدا، سیروان دەچێتە بانی خێڵان. لەوێ چیرۆکی زۆر زۆری تێدەڕژێت. سەربوردەی هۆزەکانی جاف، کۆچە کۆنەکانیان لەسەردەمی پێش هاتنی سنوورو سنووربەندی و دەوڵەتی بەناو نەتەوە، لە جوانڕۆوە بۆ ئەوێ. لەهەشتاکان یەکەم کارگە لەناوچەکە لەوێ دروستدەکرێت، کارگەی پیبسی. بەمنداڵی کاتێک ئاو لەلوتمان دەهاتووە، هاوارمان دەکرد: ساردی بانی خێڵانە، کەس نەبوو پێمان بڵێت ئەو هەموو شەکرە، ژەهرە. 
کارگەکە هەر ئێمەی لادێی ژەهراوی نەدەکرد، بەڵکو رووبارەکەشی پڕ دەکرد لەدەبەی پلاستیک. ئەوە سەرەتاکانی ئاشنابوونمان بوو بەپلاستیک، ئەو سەردەمە کەس ئاوی دەبەی نەدەخواردەوە. خواردەنەوەی ئاوی دەبە، دیاردەیەکی دوای سەردەمی نەوتی هەرێمە. حەزئەکەم لێرەدا سەردانی تی ئێس ئیلیوت بکەم.
لەسەرەتای نەوەدەکان کە وێرانە خاکم خوێندەوە لەسەر سیروان دەژیام. ئیلیوت باسی تایمزو بوتڵی بەتاڵ و کاغەزی ساندویچ و دەستەسڕی ئاورێشم و قنگە جگەرەی دەکرد. بەڵام ئەوەی لەیاد ناچێت ئەو دێرەیە کە دەڵێت، تایمزی شیرین، بەهێمنی بڕۆ، هەتا من گۆرانییەکەم تەواو دەکەم.
سیروان بەیتی گۆرانی زۆرە، گۆرانی پەڕینەوە، دوورکەوتنەوە، دابڕان، بردن. وەک هەموو گۆرانییەکی تری کوردی سەرتاپای دەربارەی خەمە. بەڵام سیروان خەمڕەوێنە. زۆرجار دایکم پێی دەوتین هەرچیتان لەدڵدایە بڕۆن بۆ رووبارەکەی هەڵڕێژن. ئەو لەهەموو کەسێک باشتر لەگەڵ خۆیدا دەیبات و نایخاتە شارێک. 
کە لەتراژیدیای بوتڵ و حەکایەتی ئاوی مەرەز ڕزگاری دەبێت، سیروان دەگاتە یەکەم کارگەی چەو لم. لەوێ ئاشنا دەبێت بەڕۆنی پیس و گازو قوڕاوی بەردەوام و لەدەستدانی ئاراستە، شۆفڵ و ئامێرەکانی تر، دەمێکە سەروەرییان لەسیروان سەندووەتەوە. لێرە سیروان لێڵ دەبێت و سەرەتای لەدەستدانی رەنگ شینی دەست پێدەکات. رووباری تر هەن شین نین، وەک دانوبی کلاودیا ماگریس و نەوشیروان مستەفا. کە لەوێ هەڵهەڵە دەکات دەگاتە دەرەدۆین، لەوێ بەچیرۆکی شیوعی و زەردەلیکاو تەپەگەڕوس و شاخی زەردە ئاشنا دەبێت. 
لەوە ئەوچێت کاتی بێت، مادام باسی سۆڤییەت ئەکەین، باسێکی ڤۆڵگاش بکەین: رووباری نووسەران و شاعیران، کە ڕوسیا پێکەوە گرێئەدات. ئەوەی بە چیکۆڤ ئاشنابێت بە ڤۆڵگاش ئاشنایە. بەڵام کەس هەتا ئێستا حیکایەتی سیروانی نەگێڕاوەتەوە.

وتاری زیاتر

بۆ کۆچ؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-11-13 21:32      117 جار بینراوە


بۆچی سەربەخۆکان سەرنەکەوتن؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-10-16 17:57      125 جار بینراوە

قەیرانەکانی خێزانی کوردی‬ د.سەردار عەزیز
2021-09-16 13:36      199 جار بینراوە

ناین ئیلێڤن ٩١١‬ د.سەردار عەزیز
2021-09-11 17:27      747 جار بینراوە


کۆمیونیزم و جیهادیزم لەگوند‬ د.سەردار عەزیز
2021-08-27 11:18      146 جار بینراوە

کەوتنی کابول ‬ د.سەردار عەزیز
2021-08-16 19:04      565 جار بینراوە



تڕەکەڵەکی کازمی‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-24 15:40      411 جار بینراوە

تارماییەکانی مەکگۆرک‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-17 19:27      757 جار بینراوە


ئەردۆگان و یاریی کورد‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-10 17:15      404 جار بینراوە

پاش ئەوروپا‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-10 10:08      229 جار بینراوە


بایدن و ئەردۆگان پاش دیدار‬ د.سەردار عەزیز
2021-06-18 13:53      134 جار بینراوە

بایدن و ئەردۆگان‬ د.سەردار عەزیز
2021-06-09 10:10      195 جار بینراوە



ئایا خاکی کوردستان فرۆشراوە؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-06-02 18:57      178 جار بینراوە

جەمشیدو مەعریفەی بێ رێچکە‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-31 14:48      259 جار بینراوە

نەفرەتی بێدەوڵەتیی!‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-29 17:57      169 جار بینراوە

ئایا مەترسی لەئارادایە؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-22 17:55      174 جار بینراوە


دەستوورێک بۆ هەرێم؟!‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-10 14:31      197 جار بینراوە

سەما لە سەردەمی بازاڕدا‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-03 15:14      174 جار بینراوە

بایدن و جینۆسایدی ئەرمەنی؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-01 16:30      151 جار بینراوە

قەیرانی گەشە لە کوردستان‬ د.سەردار عەزیز
2021-04-26 18:41      264 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو