ئاشنایەك هەقایەتێكی بۆ گێڕامەوە، كە دوو مامی بە منداڵی شەڕو ناكۆكییان بوو. مامی یەكەم لەبراكەی خۆی دابوو، باپیر پێیزانی و هات لەسەر كوڕی زوڵملێكراو بێتە جواب. دەستی گرت و رووی لەشوێنی كوڕی دووەم كرد. دیتی وا سوجدەی بردووەو خۆی مەشغوڵی نوێژی نیوەڕۆ كردووە. كابرای باپیر دیندار بوو، هەم پەرۆشی نوێژو هەمیش لێی شارەزابوو، كەچەند ركات و چەند سوجدەی لێ دەبێتەوە. وا دەبینێ كوڕەكەی ركات درێژ دەكاتەوەو دوعاو نزای دواییش بە قەدەر موەشەحاتی ئەندەلوسی درێژدەكاتەوە. وتی: رۆڵەكەم كاتی حیساب و كیتاب هاتووە، چونكە لەبرای خۆت داوە، نوێژی نیوەڕۆ چوار ركاتەو هەر تەواو دەبێ، هی عەسریش هەر چوارە، مەغریب سێ و عیشاش چاوەڕێت دەكەین كە ئەویش چوارە، بۆ كوێ دەچی، هەر تەواو دەبێ و ئەم حەق و حیسابە هەر دەكەین.
لەم حیكایەتە خۆشترم نەبیستووه، كە گوزارشت لەئیستحقاقی دۆخی كوردستان بكات بۆ ساڵی نوێ.
وا 2018یە، ئاهەنگەكانی سەری ساڵیش تەواو دەبێ. هەلومەرجی نوێ رووبەڕووبونەوەو تەداروكی تازەی دەوێت. چەند ركاتی درێژبكەینەوە. هەر درەنگ و زوو دەبێ حەق و حیسابێكی ژیرانە بكرێت.
جەردێكی گشتی وزەو تواناكانی خۆمان، ئەرك و بەرپرسیارێتی كوردایەتی و هێزەكانی پێویستە. دواخستن هەڵناگرێ و (ئەمڕۆ بە فەردا) تاسەر نایخوات.
ئەگەر باوەڕمەندی حەقیقی بین، نابێ هەر لە تەنگانەدا نوێژو سوجدە دابمەزرێنین. عیبادەت بە تەنیا بەس نییە، عیبادەتی راستەقینە كارو كردەوەیە. حزبەكانی كوردستانیش لەم ئیستحقاقە بەدەرنین، یەكەمیشیان ئیستحقاقی كۆنگرەیه. بە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیشەوە.