جەمال ئارێز

دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندان لەعیراق و كاریگەرییەكانی بۆ سەر هەرێم

  2020-08-02 16:01      237 جار بینراوە        کۆمێنت

ماوەی رابردوو بەشێك لە میدیای عیراقی و كوردستانی ‌و بەتایبەتی سۆشیال میدیا، هێندە بەشان ‌و باهوی مستەفا كازمیی سەرۆك وەزیرانی ئێستای عیراقیاندا هەڵدا، كتومت وەك دیمەنەكانی درامای چەخماخەی لێهات ‌و ئیتر كازمی خرایە بەردەم ئەمری واقیع ‌و هەندێك هەنگاوی نا بەو هیوایەی كە بتوانێت كارێك بكات سەرۆك وەزیرانەكانی پێش خۆی لە 2003 تا 2019 نەیانتوانیبێت دەستی بۆبەرن یان بگرە هەر پەیشی پێ ببەن.
بەگوێرەی ئەوەی لە زۆرێك لەمیدیاكانی عیراق ‌و هەرێم ‌و سۆشیال میدیادا ئاماژەی پێ دەدرا، كازمی لە بواری كارگێڕیدا سیستمی حوكمڕانی لە پشكپشكێنەی تایفییەوە دەكات بە حوكمڕانییەكی تەكنۆكراتی نیشتمانی، لەبوار سەربازیی ‌و ئەمنیدا بەشێكی زۆر لە فەرماندە سەربازییەكانی 17 ساڵی رابردوو لادەبات ‌و خەڵكانی سەربازیی بە دیسپلین ‌و پیشەیی لە كایەی سەربازیدا دەهێنێتە پێشەوە، لەبواری داراییدا، كۆنترۆڵی هەموو خاڵە سنوورییەكان دەكات و رێگریی لە بەقاچاخ بردنی نەوت دەكات ‌و داهاتی نەوتی ‌و نا نەوتی و دەروازە سنوورییەكانی سەرتاسەری عیراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە دەگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، لەهەمووشی گرنگتر بەڵێنی ئەوەی دابوو كە تەقەكەرانی خۆپیشاندانەكانی ساڵی رابردوو و سەرەتای ئەمساڵ دەدۆزێتەوەو دەیانداتە دادگا و سزایان دەدات.
دەشێت لەلایەك دۆخی سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆنا بووبێتە مایەی سڕكردنی خۆپیشاندانەكانی بەغدا ‌و شارەكانی باشووری عیراق و لەلایەكی دیكەشەوە قووڵبوونەوەی كێشەی نێوان ئێران ‌و ئەمریكا لەسەر خاكی عیراق ‌و نادیاریی ئاسۆی رووداوەكان ‌و مەترسیی ئەوەی كە بەپێی دەستوور «بۆ دروست نەبوونی بۆشایی لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا، سەرۆك كۆمار پۆستی سەرۆك وەزیران بەڕێوە نەبات، لایەنە شیعییەكان رازیی بوون بە راسپاردنی كازمی ‌و دەنگدان پێی لە ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام كاتێك ئەوە بەدیكرا كە مستەفا كازمی بە فیعلی كار بۆ ئەو دروشمانە دەكات كە بانگەشەی بۆ دەكرد ‌و پشتیوانیی زۆرێك لە هاووڵاتیی مسۆگەركردووە لایەنە شیعییەكان كەوتنە خۆیان، چونكە پێشتر وا بڵاوكرابۆوە كە ئەو كەسەی پۆستی سەرۆك وەزیران وەردەگرێت، ئەركی بنبڕكردنی گەندەڵی و ئامادەكاریی دەبێت بۆ هەڵبژاردنێكی پێشوەختە ‌و ئەو كەسایەتییە هەركێ بێت خۆی كاندید ناكات بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختەكە، بۆیە دوای ئەوەی قسەوباسی ئەوە هاتە گۆڕێ كە مستەفا كازمی بۆ هەڵبژاردنی ئایندە لیستی دەبێت، زۆرێك لە لایەنە شیعییەكان كەوتنە خۆیان بەتایبەتی دوای ناردنی هێز بۆ دەروازە سنوورییەكان بۆ رێگریی لە بەقاچاغبردنی نەوت ‌و گێڕانەوەی داهاتی ئەو دەروازانە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، چونكە ئەگەر ئەو هەنگاوانە بەجدیی بكەونە بواری جێبەجێكردنەوە و بەڕێز كازمی لیستی هەڵبژاردنیشی هەبێت، ئەوا بەڕە لەژێر پێی زۆرێك لەو لایەنە شیعییە تەقلیدییانە دەردەهێنێت كە لە 2003 وە تائێستا كایەكانی (كارگێڕیی، دارایی، سەربازیی، ئەمنیی) عیراقیان كۆنترۆڵكردووە، بەتایبەتتریش مەسەلەی بەریەككەوتنی دامەزراوە سەربازییە دەوڵەتییەكانی وەك سوپا ‌و پۆلیسی فیدراڵی ‌و دژەتیرۆری عیراق لەگەڵ حەشدی شەعبی.
پێدەچێت دەستپێكردنی هێرش ‌و پەلاماری مووشەكی بۆسەر بنكە سەربازییەكانی دەوڵەتی عیراق ‌و هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لەناو خاكی عیراق ‌و دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندان لە بەغداو چەند شارێكی عیراق لەیەك كاتدا، سیناریۆ یان نەخشە و پلانی (B) بێت بۆ كۆتاییهێنان بە چالاكییەكانی كازمی كە بەبڕوای زۆرێك لە لایەنە شیعییەكان ئەو چالاكییانە بانگەشەیەكی پێشوەختەی ئەو زاتەیە بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختەكە.
ئەوەی پەیوەستیشە بە هەرێمی كوردستانەوە ئەوەیە كە پێش دەستبەرداربوونی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستەكەی وەك سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەر، وەفدێكی هەرێم سەردانی بەغدایان كرد ‌و رێكەوتنێكی سەرەتاییان لەگەڵدا كرد بەوەی كە ئامادەن 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەستی سۆمۆ بكەن، لەبەرامبەر وەرگرتنی بودجەدا، بەڵام دوای دەستبەرداربوونی ناوبراو لە پۆستەكەی، كابینەی نوێی عیراق بەوەفدی هەرێمیان راگەیاندبوو كە ئەو رێكەوتنە لەگەڵ حكومەتی پێشوو كراوە و ئەو حكومەتەش لەڕووی دەستوورییەوە كاربەڕێكەربووە و توانای ئیمزاكردنی رێكەوتنی لەو جۆرەی نەبووە، بۆیە دەبێت لەگەڵ كابینەی نوێ رێكەوتنێكی نوێ بكەن.
دوای دەستبەكاربوونی مستەفا كازمی-ش دوو جاری دیكە وەفدی هەرێم لەگەڵ وەفدی بەغدا كۆبوونەوە ‌و بەگوێرەی لێدوانی رۆژنامەوانیی وەفدەكە گەیشتبوونە رێكەوتنێكی سەرەتایی ‌و لەژێر گوشاری چەند لایەنێكی حكومی ‌و پەرلەمانیدا هەرێم بەڵێنی بە بەغدا دابوو كە داهاتی نەوت ‌و دەروازە سنوورییەكانیش بداتەوە بەغدا ‌و لەبەرامبەردا بەغدا بودجە و مووچەی هەرێم رەوانە دەكات، ئەگەرچی بەغدا بە رەسمی هیچ شتێكی لەبارەی رێكەوتنەكەوە رانەگەیاند تەنیا ئەوە نەبێت كە دەیانووت «گەیشتووینەتە لێكتێگەیشتنێكی باش!».
ئێستا گرفتی سەرەكی ئەوەیە ئایا سەرهەڵدانەوەی ململانێكانی نێو ماڵی شیعە سەبارەت بە هەنگاوەكانی كازمی و دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندان ‌و هێرش ‌و پەلاماری چەند گروپێكی حەشدی شەعبی بۆسەر هێزەكانی عیراق ‌و ئەمریكا، چارەنووسی كازمی ‌و كابینەكەی ‌و رێكەوتنەكەی لەگەڵ هەرێم بەكوێ دەگەیەنێت، لەكاتێكدا هەرێم رێكەوتنێكی سەرەتایی لەگەڵ بەغدا گەڵاڵە كردووە بەئامانجی دەربازبوون لەو قەیرانە داراییەی تێی كەوتووە كە تائێستا جگە لەوەی مووچەی مانگی شوباتی بە رێژەی 79% داوە، نەیتوانیووە مووچەی مانگی ئازاری 2020یش دابین بكات؟ ئاخۆ ئەگەر كازمیش لە پۆستی سەرۆك وەزیران دووربخرێتەوە، هەرێم دەرفەتی ئەوەی ماوە چەند مانگێكی دیكەش چاوەڕوانی ئاسایی بوونەوەی دۆخی بەغدا ‌و كۆبوونەوە لەگەڵ كابینەیەكی نوێ بكات؟

وتاری زیاتر








بە سیاسیکردنی هەموو کایەکان‬ جەمال ئارێز
2021-11-05 10:13      146 جار بینراوە

با یەكێك وەڵام بداتەوە‬ جەمال ئارێز
2021-10-23 18:41      102 جار بینراوە



بانگەشەو یاریكردن بەهەستی خەڵك‬ جەمال ئارێز
2021-09-18 19:40      122 جار بینراوە

دەنگیش بدە و گلەییش بکە‬ جەمال ئارێز
2021-09-16 12:58      147 جار بینراوە


هونەری گوێ نەگرتن‬ جەمال ئارێز
2021-08-14 14:34      143 جار بینراوە


کۆدی لێکتێگەیشتن دۆزرایەوە‬ جەمال ئارێز
2021-04-24 16:03      224 جار بینراوە




لێدوان، یان هەریەک لە ئاوازێک؟‬ جەمال ئارێز
2021-02-06 19:00      212 جار بینراوە





ئەم هەفتەیە‬ جەمال ئارێز
2018-01-17 10:22      367 جار بینراوە

ئەم هەفتەیە‬ جەمال ئارێز
2017-12-12 15:45      460 جار بینراوە

ئەم هەفتەیە‬ جەمال ئارێز
2017-11-21 13:32      536 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو