شەهید رەئووف ئاکرەیی یەکێکە لەتێکۆشەرە ناسراوەکانی گەلەکەمان، بەداخەوە بەر ئەو هەڵمەتی تیرۆرە نەگریسە کەوت کە لەساڵی 1993 دا دەڤەری بادینانی گرتەوەو کۆمەڵێک تێکۆشەری ناسراو شەهید بوون.
بەهەرحاڵ من هەر لەدوورەوە ناوبانگی شەهید رەئووفم بیستبوو، شەهیدبوونیشی زۆر کاری تێکردم، بەگشتی من دژی هەموو تیرۆرێکم، چونکە پێموایە دزێوترین و ناشیرینترین ئامڕازی سیاسییە بۆ لەناوبردنی کەسانی ئۆپۆزسیۆن.
لەماوەی پێشوودا هەڤاڵی هێژام « ستران عەبدوڵڵا» نامیلکەیەکی شەهید رەئووف ئاکرەیی بۆ ناردم بەناونیشانی « ئاماژەیەک لەمەڕ گەشەی کوردستان لەڕێڕەوی مێژوودا» ئەم نامیلەکەیە لێکۆڵینەوەیەکە لەمێژووی کۆمەڵایەتی کوردستان و پاشان هەڵسەنگاندنێکی زانستییانە بۆ قۆناغی دەرەبەگایەتیی و سەرمایەداری کوردستام کردووەو تایبەتمەندییەکانیشی دەرخستووە. نامیلکەکە ساڵی 1994 چاپ بووەو بەزمانی عەرەبی نووسراوەو دواتریش ستران عەبدوڵڵا کردوویەتی بەکوردی.
لەڕاستیدا کاتێک نامیلکەکەم خوێندەوە، هەستم بەوردبینی و زیرەکیی ئەم تێکۆشەرە کرد،هێندەی تر خەفەتم بۆ لەدەستدان و شەهیدبوونی خوارد. بەڕاستی کەم سەرکردەی کوردی باشوورم بینیووە، کە بەشێوەیەکی زانستیانە باسی مێژوو ئێستای کۆمەڵگەی کوردی بکەن. هەربۆیە لەلایەک بۆ بەرزڕاگرتنی شەهید رەئووف و لەلایەکی تریشەوە بۆ ناساندنی ئەم نامیلکە جوانە بەخوێنەران، پێمخۆشبوو چەند دێرێک لەبارەییەوە بنووسم.
لێکۆڵینەوەی زانستی لەمەڕ کۆمەڵگەی کوردەواری
نووسەر لەپێشەکی کتێبەکەیدا دەڵێت:
تائێستا بەشێوەیەکی زانستیانە، ئاخافتن لەسەر مێژووی کوردستان نەکراوە، بەتایبەتی لەبارەی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی، ئابووریی، سیاسییەوە، ئەمەش کێماسییەکی گەورەیە و کار لە تێکڕای ئەو شیکردنەوەکانە دەکات کە پەیوەستن بە دۆخە ئابووریی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتوورییەکەی کوردستانەوە. ل5
لێرەدا مەبەست لە شێوەی زانستی ئەوەیە، پێڕەوکردنی میتۆدی سۆسیۆلۆژی و ئەنترۆپۆلۆژیی بۆ لێکۆڵینەوە لە مەڕ کۆمەڵی کوردەواری.
نووسەر لە سەرەتای لێکۆڵینەوەکەیدا، باسێکی کورتی مێژووی سەرهەڵدان و دروستبوونی شارستانی و دەوڵەت لە جیهاندا کردووە، لەمەشدا زیاتر پشتی بە تێزەکانی مارکس و ئەنجلس بەستووە. دواتریش پەیوەندی کوردستان بەم مێژووە باس دەکات.
کوردستان زێدی یەکەمین گوند و کشتووکاڵ
نووسەر لەسەرەتادا باسی قۆناغەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەکات کە خۆی لە چوار قۆناغ دەبینێت: کۆمۆنەی سەرەتایی، کۆیلایەتی، دەرەبەگایەتی، سەرمایەداری»
نووسەر پێی وایە کە کوردستان زێدی یەکەمین گوند و فیدراسیۆنی خێڵەکی بووە. لەمابرەیەوە دەڵێت:
کوردستان زێدی یەکەمین کۆمەڵی فیدراسیۆنی نیشتەجێی رووەکیەکان بووە. لە لایەکی ترەوە زانستی شوێنەوارناسی ئەوەیان سەلماندووە کە کۆنترین گوند لە هەرێمی کوردستان بووە ئەوەش گوندی « چەرمۆ» ە،کە دەکەوێتە نێوان کەرکووک و سلێمانیی و نزیک چەمچەماڵ، ئەمەش مانای پەڕینەوە بۆ قۆناغی خۆبژێویی دەگەیەنێت.ل7
دواتر دەڵێت:
ماڵییکردنی ئاژەڵەکان و دۆزینەوەی کشتووکاڵ لەکاتێکی نزیکدا روویانداوەو کوردستانیش یەکەمین ناوچەی جیهانە کە کشتووکاڵی ناسیبێ و هۆزە کۆچەرییەکان لە هۆزە کشتووکاڵییەکانی لێکجیاکردبێتەوە، ئەمەش سەرەتای شۆڕشێکی مەزنە. ل7
دیارە نووسەر پشتی بە کۆمەڵێک کتێبی مێژوویی بەستووە بۆ ئەم قسانەی ، کە لە کۆتایی نامیلکەکەدا ناوی هەموویان نووسیوە، واتە نووسەر هەر لە خۆرا قسەی نەکردووەو زیاتر بەشێوەیەکی ئەکادیمیش لێکۆڵینەوەکەی نووسیوە.
قۆناغی کۆیلایەتی و دروستبوونی دەوڵەت لە کوردستان
دواتر رەئووف ئاکرەیی قسە لە بارەی قۆناغی کۆیلایەتی و دروستبوونی دەوڵەت لە جیهان و کوردستان دەکات و دەڵێت:
لەگەڵ دەرکەوتنی خاوەندێرێتی تایبەتیی و گواستنەوە بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگەی کۆیلایەتی کە دەربڕی سەرەتای دابەشبوونی کۆمەڵگەن بەسەر چینەکان و ناکۆکی چینەکان و چەوساندنەوەی مرۆڤ لە لایەن مرۆڤەوە دەستیپێکرد و مێژووش تاچەرخی هاوچەرخمان، مێژووی ململانێی چینایەتییە. ل9
واتە مێژوو لای نووسەر بریتییە لە « ململانێی چینایەتی» ئەمەش دەقاودەق تێڕوانینی مارکسە بۆ مێژوو.
دواتریش نووسەر باسی دروستبوونی دەوڵەت یان وەکو خۆی ناوی لێناوە «دەوڵەتی کۆیلایەتی» دەکات و دەڵێت:
پێکهێنانی دەوڵەتە کۆیلایەتییەکان لە شوێنە جیاجیاکانی جیهاندا بە دوو جۆر بووە.
1/ لە رێگای دروستبوونی دەوڵەتی شارەکان وەکو لە میزۆپۆتامیا و یۆنان
2/ لە رێگای یەکگرتنی کۆمەڵێک هۆز و خێل، وەکو لە هیندوستان و کوردستاندا هەبووە.ل9
نووسەر باسی لەو جۆرە دەوڵەتانە دەکات کە لە کوردستاندا دروستبووە وەکو دەوڵەتی « گۆتییەکان، لۆلۆ،میدیاکان، کاشی،میتان» پێی وایە ئەمانە جۆرە دەوڵەتێک بوون کە لەسەر بنەمای کۆیلایەتی دامەزراون. ل10
سیماکانی قۆناغی دەرەبەگایەتی لە کوردستاندا
پاشان رەئووف ئاکرەیی باسی قۆناغێکی تری مێژووی کۆمەڵگەی کوردی دەکات، کە خاوەنی سیمای تایبەتە و لە کۆمەڵگەکانی تر جیای دەکاتەوە، ئەویش قۆناغی دەرەبەگایەتییە. نووسەر بە ووردی باسی چۆنێتی گەشەسەندن و سەرهەڵدانی دەرەبەگایەتی لە کوردستان و جیهان دەکات . لە کۆتاییشدا سیما تایبەتییەکانی دەرەبەگایەتی کوردی دەخاتە روو کە ئەویش لە چەند خاڵێکدا کۆی کردۆتەوە.
1/ تێکەڵبوونی هۆزگەرێتی بە دەرەبەگێتی. چونکە سەرۆک هۆزەکان «شێخ ، ئاغا، بەگ» خاوەنی زەویوزار بوو. لە پاڵ ئەمانیشدا هەندێک لە دەوڵەمەندانی ناوشار وپیاو ماقوڵ و خاوەن تەکییە و زەوییەکانی ئەوقافیش خاوەنی زەویوزار بوون.
2/ ئیمتیازاتی سەربازیی، ئایینی، سیاسی رۆڵی گەورەی بینییوە لە خاوەندارێتی زەویی.
3/ زیاد بوونی ڕۆڵی ژن لە پرۆسەی کشتووکاڵدا، وەکو لە کاتی دروێنە و کاری تردا.
4/ جووتیاران تەنها بەشێک لە بەرهەمەکانیان نەدەدا بە دەرەبەگەکان، بەڵکو ئەرکی سەرشانیان بوو کە داکۆکی لە بەرژەوەندییە ئابووریی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی دەرەبەگەکانیاشیان بکەن.
لە رووی ئینتمای سیاسیشەوە دوو جۆر بوون: بەشێکیان دەرەبەگی سەربەخۆ بوون لە دژی هێزە داگیرکەرەکانی کوردستان دەجەنگانو داکۆکیان لەبەرژەوەندی خۆیان کردووە. بەشێکی ترشیان دەرەبەگی نۆکەر بوون. وەکو نۆکەری بێگانە کاریان کردووەو لەم رێگەیەشەوە داکۆکیان لەبەرژەوەندییەکانی خۆیان کردووە.
لەراستیدا بۆچوونەکانی لە بارەی دەرەبەگایەتی کوردییەوە تاڕادەیەکی زۆر راستن و نزیکن لە هەقیقەتی ئەم چینەوە.
سیما تایبەتییەکانی قۆناغی سەرمایەداری لە کوردستاندا
نووسەر شرۆڤەیەکی زۆر جوانی بۆ قۆناغی سەرمایەداریی و سەرمایەداری کوردی کردووە. لەو باوەڕەشدایە کە سەرمایەداری کوردی چەند سیمایەکی تایبەتی هەیە و لە سەرمایەداری تری جیهان جیای دەکاتەوە.
کە ئەوانیش بریتین لەم خاڵانەی خوارەوە:
1/ سەرمایەداری لە دەرەوە هێنرایە کوردستان، هەربۆیە چینی کرێکار لە کوردستاندا، لە پێش چینی سەرمایەداری لەدایک بووە.
2/ سەرمایەداری بیانی لە سەرەتادا لە هەردوو بواری گواستنەوەو بازرگانیدا چڕ بۆتەوە، دواتر هەموو بوارەکانی تری گرتۆتەوە.
3/ جەنگی نێوان هێزە ئیمپریالیستەکانی جیهان لە کاتی جەنگی یەکەمی جیهانی، هۆکاری سەرەکی دابەشبوونی خاکی کوردستان بووە.
4/ بۆرژوازی کوردی یان بازرگانییە یان موشەخۆرە، واتە چینێکی بۆرجوازی پیشەشازی و بەرهەم هێن نییە.
5/ کشتووکاڵ وەکو کەرتێکی گرنگی ئابووری کوردستان مایەوە، لەهەمانکاتیشدا شێوازەکانی بەرهەم هێنان، بە شێوازە کۆنەکانی خۆیان مانەوە.
6/ چەوساندنەوەی ئابووری لەسەر کوردستان لەلایەن هێزە داگیرکەرەکان زیاترو توندتر دەکرێت، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە سامانی سروشتیی و نەوتەوە هەیە.ل 21
زاڵبوونی فکری مارکسیی
ئەوەی مایەی سەرنج بوو لە سەرەتای نامیلەکەکەوە هەتا کۆتاییەکەی، بیری چەپ و مارکسییانە بەسەر نووسەردا زاڵە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە شرۆڤە و لێکۆڵینەوەیە لە بارەی گەشەسەندنی قۆناغی کۆمەڵایەتی لە کوردستان. بەتایبەتی کتێبی « بنەچەی خێزان و دەوڵەت» ئەنجلس زۆر زاڵە بەسەریدا، ئەنجلسیش لەژێر کاریگەری تێزەکانی لویس مۆرگانی ئەنترۆپۆلۆگدا ئەم کتێبەی نووسیوە. هەرچەندە لە سەرچاوەکانی نامیلکەکەدا ناوی ئەم کتێبە نەهاتووە.
دیارە نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت کە نووسەر لەو کاتەدا سکرتێری پارتێکی چەپی کوردی بووە کە ئەویش « رێکخراوی تێکۆشانی رەنجدەرانی کوردستان»
دوا قسە
بەدڵنیاییەوە ئەم نامیلکەیە تێڕوانینی بیرمەند و سیاسەتمەدارێکی کوردە، کە لە ساڵانی نەوەتدا ژیاوەو فکری مارکسی بەسەریدا زاڵ بووە، لەهەمانکاتیشدا نووسەر هەوڵیداوە، شرۆڤەیەک بۆ مێژووی کورد و قۆناغی ئێستای کوردستان بکات بەتایبەتی لە باشووری کوردستان. لەوانەبێت گەر نووسەر تا ئێستا بمایە، بەشێک لە بۆچوونەکانی بەرامبەر بە مێژوو ، ئێستا و داهاتووی کوردستان بگۆڕایە.
لە کۆتاییدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی ئەم شەهیدە و هەموو شەهیدانی تری کوردستان. هەروەها دەستخۆشی لە برای هێژام کاک ستران دەکەم بۆ وەرگێڕانی ئەم نامیلکەیە . هیوادارام لە داهاتوودا چاپی دووەمی بکاتەوە بۆ ئەوەی خوێنەری زیاتر بیبینن.
سەرچاوە:
رەئووف ئاکرەیی. ئاماژەیەک لەمەڕ گەشەی کوردستان لە رێڕەوی مێژوودا. وەرگێڕانی. ستران عەبدوڵڵا. لە بڵاوکراوەکانی رێکخراوی خوێندکاران و لاوانی شۆرشگێرانی کوردستان. تەمووزی 1994