ناوبەناو گفتوگۆو دانوستان لەنێوان حكومەتی سوریاو ئیدارەی خۆجێیی رۆژئاڤادا هەبووە لەدیمەشقی پایتەخت و لەبنكەی حومەیمیمی سەربازی روسیاش لەكەنارەكانی سوریا، بەڵام هیچی وای لێ شین نەبووە، بەوتەی بەرپرسانی ئیدارەی خۆجێیی هەوڵەكانی روسیا لەو گفتوگۆیانەدا نەگەیشتۆتە ئاستی ئەو قۆناغە مەترسیدارەی سوریا پیایدا تێدەپەڕێ، بەتایبەت دوای ئەو هەموو وێرانكارییو ئاژاوەو بوونی ئەو هەموو گروپە چەكدارە لەسەر خاكی سوریا.
گفتوگۆكانی نێوان قامیشلو و دیمەشق هەمیشە كەموكووڕیی تێدا بووە، چونكە روسیاو حكومەتی سوریاش ئەو كاتانە دۆسێی دانوستانیان لەگەڵ كورددا دەهێنایە ئاراوە كە توركیا هەڕەشەی بەردەوامی بۆ سەر رۆژئاڤا هەبووە، ئەوكاتەش دیمەشق مەرجی وای دادەنا كە بۆ جێبەجێكردن نەدەبوو، ئیدارەی خۆجێیی كورد رەتی دەكردەوە، گرنگترین مەرجیش ئەوە بوو سوریا دەیویست پۆلیسێكی حزبی بەعس دووبارە حوكمی رۆژئاڤا بكات.
بەدرێژایی ساڵانی قەیران روسیا بانگەشەی بۆ چارەسەری سیاسی دەكرد، گرنگترینیشیان دزە كردنی پڕۆژەیەكی روسیا بوو بۆ دەستووری سوریا كە دانی نابوو بەئیدارەی خۆجێیو مافی كورددا، دواهەمینیشیان ئەوەبوو كە وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، پشتیوانی لەگفتوگۆی نێوان هێزە كوردییەكانو حكومەتی سوریا دەكات، بەڵام مۆسكۆ هەمیشە لەدیدارەكانیدا لەگەڵ بەرپرسانی كورد جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە هاوكاریی كورد لەگەڵ ئەمریكا تاكە بەربەستە كە وا لەڕوسیا دەكات بەپرۆژەی سیاسی كورد رازی نەبێت، هەرچەندە هاوكاری نێوان كوردو ئەمریكا هاوكارییەكی سەربازیی رووتە بۆ كۆتایی هێنان بەتیرۆر لەجوگرافیای سوریادا، بەم دواییانەش كینیت ئیكمان جەنەراڵی ئەمریكی و جێگری فەرماندەی هێزی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی دژی داعش جەختی لەسەر هەمان شت كردەوەو وتی: هێزەكانیان لە سوریان بۆ ئەوەی بەهاوكاری هێزەكانی سوریای دیموكرات كۆتایی بەتیرۆر بهێنن و هەروەها بۆ ئەوەی پێكدادانی راستەوخۆ لە نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات و هێزەكانی توركیا كە لە ناوچەكەدان روو نەدات.
هەرچەندە پەیوەندییەكانی كوردو روسیا بەردەوام لەهەڵكشانو داكشاندا بووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئیدارەی خۆجێیی زۆر هەوڵی داوە بەرەوپێشچوون هەبێت لە گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشدا بەناوبژیوانی روسیا، زۆریش جار ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سوریا بەنێوبژیوانی نێودەوڵەتی، بەتایبەتیش ناوبژیوانی دەوڵەتێكی گەورەی وەك روسیا كە هەژموونی هەیە لە سوریاداو هەمیشە هیوای خواستووە روسیا رۆڵی یەكلاكەرەوە بگێڕێت بۆ گەیشتن بەچارەسەرێكی ئاشتیانە، بەڵام بەرەوپێشنەچوونی ئەو گفتوگۆیانەو نەگەیشتن بەهیچ ئەنجامێكی گرنگ لەسایەی روسەكاندا، بۆتە جێگەی گومانو مقۆمقۆ.
داخرانی دەرگاكانی گفتوگۆ لەنێوان قامیشلو دیمەشقدا پەیوەندی بە بیركردنەوەی ئیدارەی خۆجێیو هەڵوێستەكانییەوە نییە، ئیدارەی خۆجێیی هەمیشە پشتوانی لە گفتوگۆ كردووەو روونو ئاشكراش رایگەیاندووە، بەڵام هۆكاری سەرەكی ئەوەیە كە حكومەتی سوریا هیچ تێڕوانین و پڕۆژەیەكی نییە بۆ چارەسەرو سوورە لەسەر سەپاندنی ئەو حوكمەی ئێستا هەیەتی، ئەمەش ئەوپەڕی بێڕێزییە بە خواستو خەونەكانی گەلی سوریا.
ئیدارەی خۆجێییو حكومەتی سوریا درزێكی گەورە لەنێوانیاندا هەیە، كاتێك گەلانو پێكهاتەكانی باكوورو خۆرهەڵاتی سوریا ئاهەنگیان گێڕا بە بۆنەی ساڵیادی شۆڕشی 19ی تەمووز و رزگاركردنی كۆبانی لە دەست بەعسەكان، رژێمی سوریا هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی گەلی دەستپێكرد، كورد لەو پرۆسەیەدا بەشداری نەكردو دەسەڵاتدارانی دیمەشقیش بەشداری ئاهەنگی كوردەكانی نەكرد بە بۆنەی رزگار كردنی یەكەم شاریانەوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە لە یەك جوگرافیادا بەشدار نین، كورد پرۆژەكانی دیمەشق رەت دەكاتەوەو دیمەشقیش پرۆژەكانی كورد رەت دەكاتەوە، بابەتەكەش بەرەو ناكۆكی بەردەوامیان دەبات.
لەسەر ئەرزی واقیع، ئەگەر توركیا بە هێزی سەربازی نەهاتایە و بە هەموو هێزو رقو كینەیەوە لە كوردی نەدایە بۆ لێدانی دەستكەوتەكانیان و بچووككردنەوەی جوگرافیا رزگاربووەكەیان، ئەگەر چەندان كۆنگرەی نائاساییان نەبەستایە بۆ بچووككردنەوەی دەسەڵاتی كورد لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئێستا هەموو بەرپرسانی دیمەشق لەبەر دەرگای قامیشلو دەبوون بۆ گفتوگۆ لە بارەی چارەسەری تەواوی قەیرانەكە.