ئەمە ناونیشانی توێژینەیەوەکە کە لە دوو توێی کتێبێکدا لەلایەن دەزگای سەردەمەوە چاپکراوە. نووسەری ئەم توێژینەوەیە د. کامەران مەنتکە.
بێگومان هەڵکشانی چین یەکێکە لەدیاردە هەر گەورەکانی سەدەی بیست و بیست و یەک. ئەم دیاردەیە بەئاستێکە کە بەزۆر شێواز دونیا دەگۆڕێت. ڕێگای ئاورێشمین یان دەستپێشخەری پشتێنەو رێگا، بەشێکە لەم پرۆسەی هەڵکشانەی چین. من لەم نووسینە کورتەدا هەوڵی رانانی ئەم توێژینەوە دەدەم، بەئامانجی ناساندنی بەخوێنەرو بایەخدانی بەگرنگی ئەم کارە لەم کاتەدا.
چین دەبێتە زلهێزێکی جیهانی. لەدونیادا مشتومڕ زۆرە ئایا ئەم زلهیزە چۆن دونیا دەگۆڕێت، چۆن پەیوەندی دەبێت لەگەڵ زلهێزەکانی تردا؟ لەدوو سەدەی رابوردوودا، کورد لەهەموو بەشەکانی کوردستان بەردەوام بەشێک بووە لەسیاسەتی هەرێمی و جیهانی زلهێزەکان، روسەکان و پاشان سۆڤییەت پەیوەندیی و کاریگەرییان لەسەر کورد هەبووە، ئەوروپاییەکان، بەتایبەتی بەریتانیاو فەرەنسا چارەنووسی کوردیان لەم ناوچەیە داڕشتووە، پاش ئەوروپاییەکان ئەمریکاییەکان دێن و کاریگەرییەکی گەورەیان دەبێت لەسەر ئاراستەی پرسی کورد لەچەند پارچەیەکی کوردستان.
لەم ڕوانگەیەوە، بەزلهێزبوونی چین، کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر پرسی کورد لەهەموو پارچەکانی کوردستان. کورد بەبێ مەعریفە لەگەڵ زلهێزەکانی تردا مامەڵەی کرد، ئایا لەگەڵ چیندا بەهەمان شێواز مامەڵە دەکات؟
رێگای ئاوڕێشم، چەمکێکە لەلایەن جوگرافیناسی ئەڵمانی فێردیناند ڤۆن رێختهۆڤنەوە داڕێژراوە. ئەم چەمکە ئاسانکاری دەکات بۆ تێگەیشتن لەتۆڕێک لەڕێگای ئاڵۆز لەنێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوادا. چەمکەکە کێشەی زۆرە، بەڵام وەک هەموو چەمکێک کلیلێکە بۆ دونیایەکی ئاڵۆز. ئاوڕێشم وەک مێژونووسی دیاری رێگای ئاورێشم پیتەر فرانکۆپان پێمان دەڵێت، تەنها جلوبەرگ و کاڵا نەبوو بەڵکو زۆرجار وەک پارە بەکاردەبرا. ئاوڕێشم هەروەها نیشانەی دەسەڵات و تواناو دەوڵەمەندیی بوو. پۆشینی ئاوڕێشم لەلایەن خەڵکەوە هەرگیز بێ ئاوڕدانەوە نەبووە. هەندێک پێی سەرسام بوون و هەندێک لێی بێزاربوون، چونکە تەنکیەکەی عەورەتی نەشاردوەتەوە.
ئەدەبیاتی ئیمپراتۆریەتی رۆمانی پڕیەتی لەم گفتوگۆیانە.
د. کامەران جەخت لەسەر رەهەندی رۆشنبیری ئەم رێگایە دەکاتەوە. میتۆدەکەی بەو جۆرەیە کە ڕێگاو پشتێنەکە بەرچاودەخات لەهەموو بوارەکانیدا، پاشان لەئاستی کوردستان خوێندنەوەی بۆ دەکات. رێگای ئاورێشمی کۆن ئەمڕۆ لەلایەن چینیەکانەوە وەک ئەفسانەیەکی پاشخانی بۆ دەستپێشخەرییەکەیان بەکاری دەبەن. مەبەستم لەئەفسانەی پاشخانی ئەوەیە کە زۆرێک لەپرۆژەو نەتەوەو شارو ئاینەکان ئەفسانەیەکیان لەپشتەوەیە کە وەک پاشخانێک بەکاری دەبەن، هەتا مانایەک بەئێستا بدەن.
د. کامەران لەکارەکەیدا لەفراوانەوە دێت بۆ تەسک، لەدیدێکی فرە ئاستی بەرفراوەنەوە دێت بۆ راڤەکردنی پێگەی کوردستان لەم پرۆژەیەدا. وەک خۆی دەڵێت میتۆدی توێژینهوهكهم ریالیستی بونیاتگهراییی نوێیه. لهڕوانگهی گۆڕانكارییه جیۆپۆلهتیكیهكانهوه سهیری رووداوهكانم كردووه. ئهمه خۆی لهخۆیدا واتای ئهوهیه له دووتوێی گۆڕانكارییه گهورهكانی جیهانهوه سهیری كوردستانم كردووه، ههرچی مهسهلهی رۆشنبیرییه وهك دهرهاویشتهیهك بۆ ئهو گۆرانكاریانه لیكمداوهتهوه.
بەدیدی ئەو بەشێكی گرنگ لەو رێگایانەی دەروازه دەریاییەكانی دەریایی سپی ناوەڕاست و كەنداوی فارس و دەریای قەزوێن و دەریای رەش، واته ئەو ناوچه وشكانییەی دەكەوێته نێوان ئەو دەریایانه، كه كوردستان بەشێكی گرنگی لێ پێكدەهێنێت، به خاكی كوردستان ڕەتدەبێت، وەك رێڕەوی ناوەڕاست لەئاسیای ناوەڕاستەوه بۆ توركیا یاخود رێڕەوی باشوور له ئێرانەوه بۆ كوردستان، یاخود ئەو دەروازه دەریاییەی كەنداو به توركیاو ئاسیای ناوەڕاست دەبەستێتەوه، واته بەندەری بەسره.
ڕێگای ئاورێشمی کۆن و بەشێکی سەرەکی ڕێگای ئاورێشمی نوێ، دەکەوێتە ئەو ناوچەیەوە کە بە ئۆراسیا ناسراوە. ئەم ناوچەیە تایبەتمەندی و ئاڵۆزی خۆی هەیە لەمێژووی جیهاندا. لەکاتێکدا دڵی جیهانە، بەڵام ناوچەیەکی سەختی، پڕ لە خەڵكی جودای، کێشمەکێشە. گرنگی جیوپۆلەتیکی و زۆری سەرچاوەکانی وەهای لێکردووە کە ببێتە جێگای تەماحی زلهێزەکانی چواردەوەری. لەئەنجامدا گەلانی ئەم ناوچەیە سوودمەندی و خۆشحاڵی نەبینن. کوردستان لە دڵی ئەم تراژیدیایەدایە.
چەند سەرنجێکی گشتی:
یەکەم، لەڕووی میتۆدەوە، دوو میتۆد گرنگن لێرەدا بۆ تێگەیشتن لەپرسی کورد، یەکەم، میتۆدی مێژوی جیهانی، دووەم، میتۆدی زلهێز وەک بکەری سەرەکی. ئەم کتێبە هاوکارە بۆ بینینی پرسی کورد لەچوارچێوەیەکی فراوانترو ململانیی زلهێزەکاندا.
دووەم، لەئاستی مێژووییەوە، ئایا چ پەیوەندییەک هەیە لەنێوان ڕێگای ئاورێشمینی کۆن و نوێدا، هەروەها چ پەیوەندییەکیان هەیە بەکوردستانەوە؟ ئامادەیی زیاترو زیاتری چین لەکوردستان تەنها لەمیانەی تێگەیشتن لەم پرۆژەیەدا دەتوانرێت ببینرێت.
سێیەم، ئامانجی سەرەکی رێگای ئاورێشمین یان یەک ڕێگا، یەک پشتێنە پێکەوە گرێدانە، کۆنێکتیڤتی، ئایا لە دونیایەکی پێکەوە گرێدراودا کورد چی لێدێت یان دەبێت چۆن مامەڵە بکات؟
چوارهەم، یەکێک لەو ئەگەرانەی کە باسی لێوەدەکرێت لەئاستی دونیادا گەڕانەوەی ململانێی زلهێزەکانە، ئایا کورد لەهەناوو هەستیارترین پانتایی ئەم ململانێیەدا کە ئۆراسیایە، چی بە سەردێت؟
پێنجەم، کورد هەتا ئێستا بێ مەعریفانە مامەڵە لەگەڵ زلهێزەکاندا دەکات، چین جیاوازە لەهەموو زلهێزەکانی تری پێشوو، ئایا کورد دەیەوێت لەسەر هەمان هێڵی نەزانی بەردەوامبێت؟ دەرئەنجامەکەی چی دەبێت؟
شەشەم، ئەوەی لەتوێژینەوەکەدا بەرچاوخراوە ئەوەیە کە دەستپێشخەری یان پلانی ئەم پرۆژەیە، ڕێگای ئاورێشمی نوێ، حەتمیە، یان سەرکەوتوودەبێت. ئایا ئەگەرەکانی شکستی چین؟ زۆرێک لەچاودێران وەها دەبینن کە چین لاوازی زۆرە کە بتوانێت ئەم پرۆژەیە فەراهەم بکات.
لەکۆتاییدا، ئەم کارەی د. کامەران شایستەی خوێندنەوەیە بۆ دیاردەیەک کە کارێگەری زۆری دەبێت لەسەر داهاتووی ئێمە لەناوچەکەدا، راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ.