تۆگۆ چەند راستییەکان بشاردرێنەوە،رۆژێک دێت مێژوو دەریان دەخات!
26
لە ساڵی 1925، لیۆنارد سیبالا لەگەڵ سەگە بەناوبانگەکەی « تۆگۆ» ماراسۆنێکی پروکێنەری 246 میلی لە چیای تەندرای ئالاسکا دەستپێکرد، کەشێکی زۆر سارد کە 60 پلەی سلیزی ژێر سفر بوو، بۆ هێنانی ڤاکسینێکی دژە ژەهراوی بوون، چونکە نەخۆشی دەفتیریا diphtheria لە ناو منداڵانی گوندەکەیدا بڵاو ببوەوە، کە بەهۆی ئەو زریانە توندەی بەفرەوە لە جیهان دابڕا بوون، لەبەر ئەوە دەبوو سیبالا و دە سەگەگەی بە سەرکردایەتی تۆگۆ ململانێ لەگەڵ کات بکات و لە ماوەی 24 سەعاتدا ئەو ڤاکسینە بەدەست بهێنێت. سەرکێشییەکەی سیبالا لەوەدا بوو کە سەگەکەی بەرەو پیربوون دەچوو و تەمەنی ببوە 12 ساڵ، بەڵام لەو ساتەدا جگە لە هەنگاونان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکەی هیچ ئەگەرێکی تری لە خەیاڵدا نەبوو، چونکە چاوی هەموو دایک و باوکانی منداڵانی گوندەکەی لە سیبالا و سەگەکەی بوو، چونکە تاکە هیوایان بوو تاوەکو ئەو ڤاکسینەیان فریا بخات و منداڵەکانیان لە مردنی حەتمی رزگار بکات.
لەگەڵ هەموو ئەو هەلومەرجە ناهەموار و خراپەی سروشت، لە رۆژێکی مێژووییدا، سیبالا و دە سەگەگەی و بە سەرکردایەتی تۆگۆ بەرەو زریانەکە هەنگاوی نا، کە هیچ رەحمێکی نییە و سەرما و سۆڵە تا ناخی ئێسقانەکە رۆدەچێت و لەو کەشە زۆر ساردەدا رادەی بینین تا رادەیەکی زۆر کەم بۆتەوە، بە ساتی زۆر مەترسیداردا تیپەڕین هەر لە هەرەسهێنانی بەفر و شەقبوونی سەهۆڵی سەر ئەو رووبارە بەستوەی تێیان دەپەراند، بەڵام لە کۆتاییدا سەرکەوتوو بوون و بەو ڤاکسینە گەیشتن و گەڕانەوە، خەڵکی گوندیش لە چاوەڕوانی ئەواندا بوون، تۆگۆ لە حاڵەتێکی زۆر خراپدا بوو، پێویستی بە چارەسەری زۆر خێرا بوو، ڤاکسینەکە گەیشتە گوند و منداڵان لە نەخۆشی دەفتیریا رزگاریان بوو، کەناڵەکانی راگەیاندن بایەخێکی زۆر گەورەیان بەو قارەمانێتییە دا. کاتێک یەک لە رۆژنامەنوسان پرسیارێکی ئاراستەی ئەو کەسە کرد کە جگە لەوەی ڤاکسینەکەی لە لیۆنارد سیبالا وەرگرت کە چەند میلێک لە گوندەکەیان دوور کەوتبوەوە، ناو ئەو سەگە قارەمانە چی بوو کە لەو رەوشە ناهەموارەدا سەرکردایەتی سەگەکانی تری دەکرد، لە وەڵامدا گوتی ئەو سەگە ناوی بالتۆ بوو، ئەویش سەگەکەی خۆی بوو، کە نە لە دوور و نە لە نزیک هیچ رۆڵێکی لەو رووداوەدا نەبوو، ناخۆشترینی ئەو چیرۆکە راستەقینەیە، وەک پاداشتێک بۆ ئەو قارەمانێتییە مێژووییەی لە باخچەی سێنتراڵ پارک پەیکەرێکیان بۆ بالتۆ دروست کرد.
لەوە دەچوو قارەمانێتیی تۆگۆ لە گۆڕ بنرایە، بەڵام فیلمێکی جیهانی بە ناونیشانی تۆگۆ کە لە دەرهێنانی ئەریکسۆن کۆری ئەمریکی، رۆڵێکی گەورەی لە دەرخستنی راستیی قارەمانێتیی تۆگۆ و سیبالای خاوەنی گێڕا.