بورهان شێخ رەئوف

سیناریۆكانی توركیا لە لیبیا

  2020-07-19 00:17      288 جار بینراوە        کۆمێنت

لەدوای كۆنترۆڵكردنی ناوچەی تەرهونە لەلایەن هێزەكانی حكومەتی ویفاقی نیشتمانی لیبیاوە كە توركیا پشتیوانییان لێدەكات و لەلایەن فائیز سەڕاجەوە سەركردایەتیی دەكرێت، كە سەر بەئیخوانەكانن، ئێستا ئەو هێزانە لەهەوڵی كۆنترۆڵكردنی شاری سیرت-ی ستراتیجیدان، چونكە مانەوەی هێزەكانی ژەنراڵ خەلیفە حەفتەر لەوێندەر، نەك هەر مەترسین بۆ سەر تەرابلوسی پایتەختی ئەو وڵاتە، بەڵكو بێبەشكردنی حكومەتەكەی ویفاقیشە لەداهات و بەڕێوەبردنی گەورەترین سێكتەری ئابووری وڵات كە نەوتە.
ئێستا حكومەتەكەی سەڕاج باس لەوە دەكات كە بەرەی حەفتەر دوای ئەو پاشەكشەو تێكشكانە سەربازییانەی بەسەریاندا هاتووە، تووشی دووبەرەكی و لێكترازان بووە لەناوخۆو لەدەرەوەش ئاڵۆزیی كەوتۆتە پەیوەندییەكانی لەگەڵ سپۆنسەرو پشتیوانەكانی، هەر لەبەر ئەوەشە كە هەموو هەوڵەكانی ئاگربڕ رەتدەكرێنەوە لەلایەن حكومەتی ویفاقەوە.
لەبەرامبەر ئەمەشدا، حكومەتی ویفاق لەهەوڵدایە ترس و نیگەرانیی ئەو وڵاتانەی پشتیوانی حەفتەریان دەكرد، بڕەوێنێتەوە، لەوانەش گفتوگۆی نێوان روسیاو توركیا، كە هەرچەندە بڕیاربوو لەماوەی رابردوودا بكرێت، بەڵام لەدواساتەكاندا هەرچەند وەزیرەكانی روسیا لەناو فڕۆكەشدا بوون بەرەو توركیا، بەڵام دواخرا، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵەكانیان درێژەی هەیە بۆ ئەو مەبەستەو دواتر هێزەكانی حكومەتی سەڕاج بەئاسانی بچنە ناو سیرتەوە، دوای ئەوەش لەهەوڵی دۆزینەوەی رێگەچارەی سیاسی بن بۆ كێشەی لیبیا لەرێگەی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە، لەگەڵ بەردەوامیدان بەكۆنگرەی مەدرید.
ئەمە تەواو رای ئەردۆغان و توركیایە كە حكومەتی ویفاق پیادەی دەكات، چونكە هەر ئاگربەستێك رێخۆشكەر دەبێت بۆ خۆڕێكخستنەوەی هێزەكانی خەلیفە حەفتەر لەلایەك و لەلایەكی تریشەوە پشتیوان و هاریكارە دەرەكییەكانی حەفتەر ناچاردەبن دەستبەرداری بن، بۆیە دەخوازن درێژە بە شەڕ بدەن تاوەكو حەفتەر لە هاوكێشەی سیاسی لیبیا بەتەواوی وەلادەنێن، ئەمەش ئەو بۆچوونەی ئەردۆغانە كە لەتوركیا لەگەڵ ركابەرو نەیارە سیاسییەكانی تەنانەت بەوانەشەوە كە لەحزبەكەی خۆی بوون، جێبەجێی دەكرد.
میسرو لیبیا
هەرچەند عەبدولفەتاح سیسی سەرۆك كۆماری میسر رایگەیاند، كە سیرت هێڵی سوورەو نابێت هێزەكانی حكومەتی ویفاق بچێتە ناوی و هەڕەشەیە بۆ ئاسایشی ستراتیجی میسر، سەرۆكی میسر لەپێشوازیی سەرۆك خێڵەكانی لیبیادا رایگەیاند، كە سوپای میسر لەسەر داخوازیی خەڵكی ئەو وڵاتە دەچێتە ناو خاكی لیبیاوەو بەرگری لێدەكات.
هەموومان ئاگاداری خراپی پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتەین، كە ئەوەش هۆكارو دۆخی تایبەتی خۆی هەیەو ناكرێت لێرەدا باسیان بكەم، بۆیە حكومەتی ویفاق و توركیا دەڵێن ئەوەی هێزی لەسەر خاك هەبێت یەكلایی دەكاتەوە. هەماهەنگی نێوان توركیاو روسیا و پەیوەندییەكانی ئەردۆغان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا تایبەت بە لیبیا و دەستوەرنەدانی ئەمریكا و ئەوروپییەكان، پێگەی توركیا بەهێزتر دەكات و زیاتر روسیا هاندەدات خاوەنداری ئەو بابەتە بكات، هەرچەندە میسرو فەرەنساو ئیماراتیش دژ بەم هەنگاوەن، ئەمەش وادەكات رێكەوتنی توركیاو روسیا ئاسان نەبێت.
لەئاوا بارودۆخێكدا، حكومەتی ویفاق و توركیاش دوودڵ و راڕان لەسەر ئەوەی بەزەبری هێز شاری سیرت كۆنترۆڵ بكەن، چونكە توركیا ناخوازێت لەگەڵ هێزەكانی فاگنەر كە روسیا پشتیوانییان دەكات، بكەوێتە شەڕو بەریەکكەوتنەوە، چونكە ئەو هێزانە لەڕۆژانی رابردوودا لەو شارانەدا خۆیان قایم و جێگیر كردووە، كە ئەمەش پەیوەندییەكانی نێوان توركیاو پشتیوانانی حەفتەر ئاڵۆزتر دەكات.
لەلایەكی ترەوە، مانەوەی دۆخی ئێستا بەزیانی حكومەتی ویفاق تەواو دەبێت و بەقازانجی حەفتەرو هاوپەیمانەكانی دەشكێتەوە.
لەكۆتاییدا، بیرۆكەی كۆنترۆڵكردنی شاری گرنگی سیرت لەلایەن حكومەتەكەی سەڕاج-ەوە كارێكی ئاڵۆزو سەختە بەكردار، بۆیە پێویستی بە دانوستانی زۆرو دوورو درێژە، بۆیە پێدەچێت دۆخی ئێستا درێژە بكێشێت و زیاتر بۆ ئایندەیەكی دوورتر لەگەڵ وتووێژو كۆكردنەوەی هێزدا، لەئاوا بارودۆخێكیشدا هەندێك دەنگ دەبیسترێن كە باسی دابەشكردنی لیبیا دەكەن، هەرچەندە تائێستا هەردوو بەرەی دژ بەیەك و لایەنی شەڕ بەئاشكرا شتی وایان نەوتووە، بەڵام ئەو دەنگانە زیاتر لەدەرەوەی لیبیاوە دێن و هەندێك لایەنی ئیقلیمی ئەو خواستەیان هەیە، لەهەمانكاتیشدا هەر سەركێشییەكی توركیاو حكومەتی ویفاق لە سیرت بەبێ رەزامەندی روسیا، ململانێكانی توركیاو روسیا دەگوازێتەوە بۆ شوێنەكانی تریش لەدەرەوەی جوگرافیای لیبیاو دواكەوتنیشی شكستە گەورەكەی حەفتەر لە تەرابلوس كەمدەكاتەوەو هەڵوێستی هاوپەیمانەكانی بەهێز دەكات.
بەهەرحاڵ ئەم نمایش و خۆنواندنانەی هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان لە لیبیا، بۆ بەدەستهێنانی رۆڵ و پێگەو دەستكەوتی سیاسییە لەدانوستانەكانی داهاتوودا.

وتاری زیاتر




شایی‌ بگێڕین یان شین؟‬ بورهان شێخ رەئوف
2021-12-19 17:31      105 جار بینراوە



























نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو