دیمەنی پڕ ئازار زۆرن، بەڵام هەندێكیان بەئازارترو ناخ برینداردەكەن. بەداخەوە رۆژانە بەهۆی كۆروناوە كۆچی ئازیزان دەبینین، لەئێوارەیەكی بێدەنگدا، تەنیا بێ جەمعی خۆشەویستان و یاران لەگۆڕستانێكی قەراغ شاردا تەرمەكانیان تەسلیم بەخاك دەكرێن و ماڵئاوایی لەشارو كەسوكارو دۆستانیان دەكەن، ئەم ئازارە رۆژانە دووبارە دەبێتەوە، چاریش نییە . ئەوەی پڕ ئازارو حەسرەتتر بوو لەم رۆژانەدا، دوو دیمەنی ناخ هەژێن و رۆح سوتێنەر بوو، دیمەنی یەكەم؛ پیاوێكی كورد لەكەركوك بەكەلەپچە بەو قەرەوێڵەیەوە بەستراوەتەوە كە هاوسەرەكەی بەگیانسپاردوویی بەهۆی كۆروناوە لەسەری راكشاوە. دیمەنی دووەم؛ پیاوێكی بەتەمەن بەڕاكشاوی جامانەیەكی پیادراوە لەحەوشەی بنكەیەكی دابەشكردنی مووچەی خانەنشینی لەشاری سلێمانی و گیانی سپاردووە پاشئەوەی لەچاوەڕوانیدا ماندووبووەو ئەو مووچەیەشی وەرنەگرتووە كە بەچەند مانگێك جارێ وەری دەگرت.
بەداخەوە ئەمە حاڵی مرۆڤەكانە لەم سەردەمی دڵڕەقی و قەیرانی سۆزو خۆشەویستیدا. بەندە گوتومەو دەیڵێمەوە ، ئێمە پێویستە مرۆڤ بوون و مرۆڤایەتیمان ئەبدەیت بكەینەوەو ئەو پرسیارە لەخۆمان بكەین ئایە هێشتا مرۆڤین؟