بۆ ئەوەی ببیتە چیرۆکێک و لەمێژوودا بمێنیتەوەو نەوە دوای نەوە باست بکەن، دەخوازێت کارێکی قارەمانانە یان سەرکێشییەک بکەیت وێنەی نەبێت، یان هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوەت لە پرسێکی ئێجگار گرنگدا هەبێت. بەدەر لەم رێسایە، خراپەکاری و شەڕفرۆشتن دەشێ بتباتە مێژووە، ئایا ئەوانە بە سروشت خراپەکارن یاخود لەناخیاندا چەسپیوە؟ زۆرێکی کەسایەتییەکان مێژوو بە عەیبە ناوینای هێناوە، دەشێ شایستەی ئەوە بووبن، چی لە پشت خراپەی ئەو کەسایەتییە خراپەکارانەوە نادیارە؟ زۆرت لا سەیر دەبێت، کە لە ژیانی ئاساییاندا زۆرێکی هەڵسوکەوتیان جیاوازە لەو خراپەکارییەی ئەنجامیان داوە یان پێی تۆمەتبار کراون.
لە ساڵی ١٨٩٢ « لیزی واندرۆ بۆردین، بە کوشتنی باوکی تۆمەتبار کرا، بەوەی بە لە ماڵی خۆیاندا بە تەورداسێک سەری باوکی هەنجن هەنجن کردووە، دادگایی کرا و بە بێ تاوان دەرچوو، کە میدیاکان بایەخێکی ئێجگار زۆریان پێدابوو. لەگەڵ ئەوەی بێتاوان دەرچوو، بەڵام زۆربەی خەڵکی شارەکەی بە تاوانباریان دەزانی.
بە ئێستاشەوە کە راستی ئەو رووداوە نازانێت، ئەوەی دواتر زانرا و بڵاوبوەوە، کە کچە خۆشەویستییەکی ئێجگار زۆری بۆ ئاژەڵان هەبوو و بەزەیی پێدا دەهاتنەوە، یەک لە گرنگترین سەردانیکارانی پەناگەی ئاژەڵانی شارەکی خۆی بوو، لەوێ هەستی بە شادی دەکرد و هەستی بەوە نەدەکرد لای خەڵکی کەسێکی خراپەکارە، سامانێکی ئێجگار زۆری باوکی بۆ بەجێما، بەشێکی بۆ پاراستنی ئاژەڵان خەرج کرد و ٣٠٠٠ هەزار دۆلاریشی وەک دیاری بەخشییە هەر خزمەتکارێکی، هەندێکی تریشی بەخشییەوە زێڕ و تەڵاشی بە هاوڕێ و ئەندامانی خێزانەکەی بەخشی.
بارتولومیۆی پورتوغالی تاوانبارێکی تری سەیر بوو، دیارترین چەتەکانی سەدەی حەڤدەیەمی زاینی بوو بەوەی بە توندوتیژییەکی ناوی دەرکردبوو، سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا بوو، سەیرترین ئەوەی پێی هەڵسا، دەرکردنی یاسایەکی توند بوو بۆ چەتەکانی، بۆ ئەوەی سیستم و رەفتاری دروست لەو جیهانە ترسناکەی خۆیدا بسەپێنێت. دوای ئەویش یەک دیاریترین خوێنڕێژەکانی ئەمریکا « دەیڤد بیر کاویتز› هەیە، کە لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو ترس و تۆقانی لەناو نیویۆرک بڵاوکردەوە هەرچەندە ژمارەی قوربانییەکانیش کەم بوون، شەش کەسی کوشت و حەوتیشی بریندار کرد، بەڵام میدیاکان بە بەفراوانی باسیان کرد و ناوبانگێکی خراپی بەدوای خۆیدا هێنا. ئەم خوێنڕێژە لە زیندان بووە کەسێكی زۆر جیاواز و ئازدکردنی مەرجداری لە زیندان رەتکردەوە، چونکە پێی وابوو هێشتا شایستەی ئەوەیە تاکۆتا ژیانی لە زیندان بێت، لەبەر هەستکردنی زۆری بە تاوانەکەی خۆی، لە ساڵی ٢٠٠٥ داوایەکی دژ بە پارێزەرەکەی خۆی کرد، بەوەی کە دەیوسیت وێنە و نامەکانی لە کتێبێکدا بڵاوبکاتەوە، بەو مەرجە وازی لێدێنێت کە قازانجی کتێبەکەی بدرێتەوە خێزانی ئەوانەی کوشتونی.
«جیمز جۆنز» دامەزرێنەر و سەرکردەی پەرتسگای گەلان، کە لە ساڵی ١٩٧٨ زیاتر لە ٩٠٠ لە ئەندامەکانی لە کردەوەیەکی خۆکوژی بە کۆمەڵدا خۆیان کوشت، کە ٣٠٠ یان منداڵ بوون، دوای ئەوەی پێچەوانەی دەستپێکی ژیانی بووەوە، کە لایەنگری رەش پێستەکان و دژی جیاکاری رەگەزپەرستی ئەمریکا بوو، تا ئەو رادەی بە بەڕێوەبەری مافی مرۆڤ دانرا لە ئەندیانابۆلیس لە ساڵی ١٩٦٠، دواتریش بووە هۆکاری کوشتنی سەدان کەس.