دەروێشێتی شتێکی نوێ نییە. بەڵام بیرکردنەوەی لێی و تێگەیشتن لێی، نەک هەر نوێیە، بەڵکو هەتا ئێستا لەدونیای ئێمەدا بوونی نییە، ئەوەی لەسەر دیاردەی دەروێشی دەیبنی و دەیبیستی، هیچ پەیوەندی بەدەروێشییەوە نییە، وەک دیاردەیەک، بەڵکو بەرهەمهێنانەوەی دەروێشییە لەچوارچێوە باڵاکانی دونیای ئاگایی ئێمەدا.
لەدونیای کوردیدا، دیدی ئیسلامی-نوێ، دیدی چەپ/عەلمانی، دیدی نەتەوەیی/دژە نەتەوەیی، بەگشتی بوونیان هەیە، گەر هەموو نووسینەکانی رۆژانی رابردوو کۆکەیتەوە دەتوانیت بەئاسانی لەژێر ئەم بوارانەدا پۆلێنیان بکەیت، بەڵام دەروێشیی وەک دیاردەیەک مێژووی تایبەتی خۆی هەیە.
بۆ دەروێشناسێکی ناسراوی وەک ئەحمەد قەرەموستەفا جۆڕیکە لەیاخی بوون. کەسێکە کە لەماڵی دونیا یاخی دەبێت. وتەزای خێر بۆ خوێش نەک بۆ دەروێش، دەرخەری ئەوەیە کە دەروێش بەماڵاندا گەڕاوە بۆ خێرو یارمەتی، دژی ئیشکردن و بوونی سامان و ماڵ بووە.
ئەمە بوارێکی دەروێشییە.
بوارێکی تر بریتییە لەبوونی دیاردەیە ناوەندێتی یان واسگە. لەکەلتووری ئاینی سۆفیگەری و دەروێشی و هەندێک لایەنی ئاینی تردا، مرۆڤ پێویستی بە واسگەیە بۆ ئەوەی بچێتە بەهەشت. بەبێ واسیتە کەس ناچێتە بەهەشت. ئەم دیاردەی وایستەیە دەیبینت چۆن لەژیانی رۆژانەدا لەپەیوەندی حکومەت و خەڵکدا بەڕێوەدەچێت. ئایا شیخ میانگیرە؟ خودا پێویستی بەمیانگریی هەیە؟ کۆمەڵێک پرسی فیکری ئاینین دەبێت بوروژێنرێن.
سێیەم، نوێنەرایەتی. ئایا شیخ دەبێتە نوێنەری دەرویش و سۆفی؟ بەپێی فەلسەفەی نوێ نەخێر، چونکە نوێنەرایەتی کاتێک بەرجەستە دەبێت کە هەردوو لایەن ئۆتۆنۆمەس بن. ئەمەش بوارێکی تری بیرلێکردنەوەیە.
دەستم بەهەویرەو هەر ئەوەندەم لەبیرە.