لەنێوان وڵاتان و چاودێران شرۆڤەکارانی سیاسیدا، بیروڕای جیاجیا هەیە سەبارەت بە ئەنجامەکانی کۆبوونەوەکانی (ئاستانە)، کە هەفتەی رابردوو لەڕێگەی ڤیدیۆ میتینگەوە بەڕێوەچوو. هەندێک لەبۆچوونەکان رەشبینانە بوون و باسیان لەئەگەری گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێک دەکرد کە دژی پڕۆژەی کوردە لەباکوورو خۆرهەڵاتی سوریا (رۆژئاڤا)، بەڵام هەندێکی دیکە پێیان وایە روسیا هەریەکە لەتورکیاو ئێرانی هانداوە کە بێنە ناو ئەو پرۆسە سیاسییەوە کە لەگەڵ ئەمریکادا باسیان کردووەو هەندێکی دیکەش لەو باوەڕەدان ئەو کۆبوونەوەیە هیچی لێ سەوز نەبووە.
ڤلادیمێر پوتن ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە وڵاتەکەی هاوئاهەنگی لەگەڵ ئێران و تورکیادا کردووەو دۆخێکی لەباریش رەخسێنراوە بۆ هەموو لایەنە ناکۆکەکانی سوریا تا گفتوکۆ بکەن، جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە مۆسکۆ سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر سوریا کە بەسزاکانی قەیسەر ناسراوە، رەتدەکاتەوە. ئێستا بنەمایەک هەیە بۆ چارەسەری سیاسی لەسوریاو پێویستە پەنا ببرێتە بەر گفتوگۆی ئاشتییانە لەنێوان لایەنە بەشەڕهاتووەکانی ئەو وڵاتەدا. هاوکات هەر ئەجێندایەکی جوداخوازانەی رەتکردەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ ئیدارەی خۆجێیی کورد کە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەسەرکردایەتی ئەمریکا پشتیوانیی لێ دەکات.
قسەکانی سەرۆکی روسیا ئاماژەیەکە کە ئەو دەنگۆیانە پشتڕاست دەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن ئەمریکاو روسیا لەپشتی پەردەوە هەوڵیان داوە رێگە بۆ چارەسەری سیاسییانە خۆش بکەن.
پێشتر هەندێک زانیاریی دزەیان کردبوو لەبارەی ئەوەی کە گوایە بەرەوپێشچوون هەیە لەنزیکبوونەوەی ئەمریکاو روسیا سەبارەت بەدۆسیەی سوریا، ئێستاش باس لەوە دەکرێت کە هەردوولا لەهەوڵی ئەوەدان ئێران ناچاربکەن تا هێزەکانی لە سوریا بکێشێنیتەوە، هەروەها باس لەوەش دەکرێت کە کورد بەشداریی لەچارەسەری سیاسیی داهاتوودا بکات، بەڵام تورکیا بەوە رازی نییە.
لەلایەکی دیکەشەوە لەڕاستیدا هەریەکە لەم وڵاتە (گرەنتیکارانە) لەو باوەڕەدان کە نیمچە ئەستەمە خۆیان لەداواکارییەکانی ئەمریکا ببوێرن، کە چنگی لەو وڵاتە گیرکردووە، ئەویش لەڕێگەی سزاکانی قەیسەرەوە کە لە17ی حوزەیرانی رابردوودا سەپاندی بۆ تەنگ هەڵچنین بەڕژێمی بەشار ئەسەدو هاوکارەکانی لەڕووی دارایی و ئابوورییەوە، تا ناچاری بکەن مل کەچ بکات بۆ پرۆسەیەکی سیاسی بە پێودانگی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەتایبەتیش کە ئەمریکا هاوئاهەنگی ستراتیژیی هەیە لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتدا کە ناوچەیەکی جوگرافیی فراوانی سوریای بەدەستەوەیەو لەهەمووشی گرنگتر ئەو شارانەیە کە نەوتیان تێدایە.
روسیا لەڕووی پراکیتیکییەوە پشتیوانیی حکومەتەکەی بەشار ئەسەدە لەڕووی سەربازیی و سیاسیشەوە پشتیوانیی لێ دەکات، بەڵام تورکیا پشتیوانیی لەئۆپۆزسیۆنی عەرەبی سوریا دەکات و پشتیوانیی سەربازیی و سیاسی پێشکەش دەکات، هەرچەندە ئەو ئۆپۆزسیۆنە متمانەی نێودەوڵەتی لەدەستدا دوای ئەوەی بەشبەش بوو، چەند پایتەختێکی دیکەی بۆ پشتیوانیی دۆزییەوە بەدەر لە ئیستانبوڵ، لەو پایتەختانەش قاهیرەو ریاز بوو، بەڵام تورکیا سوورە لەسەر داڵدەدانی توندڕەوترینی ئەو ئۆپۆزسیۆنەو دەستیان دەگرێت و بۆ کۆڕو کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان دەیانبات، ئەوەش تەنیا لەبەرئەوەی قبوڵی نییە کورد بەشداریی لەهیچ کۆڕو کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتیدا بکات کە تایبەت بێت بەقەیرانی سوریا، ئەمەش هێندەی تر قەیرانی سوریا قووڵتر کردۆتەوە.
تورکیا دەوڵەتێکە ئاژاوەگێڕە، روسیاش بێدەنگە لەئاست پێشێلکارییەکانی و سوپاو میلیشیاکانی نزیک لە ئەنقەرە بۆ سەر شارە کوردییەکانی سوریا، بەڵام ئەمریکا هەوڵدەدات کات بەدەست بهێنێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسییانە لەسوریا، ئەوەش لەکاتێکدایە کە تورکیا سوورە لەسەر خراپترکردنی قەیرانەکەو ئەوەش کە ماوە لەو وڵاتەدا وێرانی بکات.
هەڵبەت لەئەجێندایەکی دوژمنکارانەی ئاشکرادا بەرامبەر بەو جوگرافیا گەشەکردووەی رۆژاڤاو باکوورو خۆرهەڵاتی سوریا کە کورد بەڕێوەی دەبات، ئەمە دەکات.
هاتوهاواری سوریا هەرگیز لەسەر دەرەنجامی کۆنگرەکانی سوچی و ئاستانە نەبووە، بەڵکو چاوی لەسەر کۆنگرەی جنێڤە کە دەبێت تیایدا داواکاریی کورد بەهەند وەربگیرێت، ئەگەر کۆمەڵی نێودەوڵەتی بیەوێت بگاتە ئەنجام و چارەسەرێکی سیاسی، لەبەرئەوەی کورد سەرکەوتوو بوون لە سەقامگیرکردنی ئاسایش لەجوگرافیایەکی فراوانی سوریادا، پڕۆژەیەکی سیاسی ئاشتیانەشیان بنیات ناوە، کە ئامانجی سەقامگیرکردنی ناوچەکەیە نەک تێکدانی ئارامی، جگە لەوەش بەرەنگاری تیرۆر بوونەتەوەو هەر لەبەرەی نوسرەوە تا دەگات بە داعش لوتی شکاندوون.
ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کورد دەکرێن، هەمووی ئەجێندای تورکیایە، چونکە هەر لەسەرەتای قەیرانی سوریاوە کە هاتە پێشەوە، گرەوی لەسەر ئەوە کردووە کە کورد بەهیچ مافێک نەگات و لەدەستکەوتەکانیشی بدات، ئەوەتا تا ئێستاش پیلانی دیکەی هەیەو لەڕێگەی وڵاتانی (گەرەنتیکاری ئاستانە) وە دەیەوێت دوژمن بۆ ئیدارەی خۆجێی کورد زیاد بکات.