دوای مردنی جۆرج فلۆید پرسی رەگەزپەرستی بەگوڕێکی زۆرەوە بووەتەوە مایەی گفتوگۆ لەدونیادا. یەکێک لەو بوارانەی کە قسەی لەسەر ناکرێت رەگەزپەرستی میتۆدو تیورەی سیاسییە. میتۆدی ئەکادیمی سیاسی، مشتومڕێکی زۆری لەسەرە کە ئایا زانستە یان نا. لێرەدا ئێمە خۆمان لەم مشتومڕە بەدوور دەگرین، بەڵام میتۆدو تیورەی سیاسی، بەزانستی هاوشێوەی فیزیا یان زانستەکانی تر لە قەڵەم نادەین. بەڵکو بەمیتۆدی تێگەیشتنی سیاسی بۆ دۆخی سیاسی، بەکاریگەری ئابووری و بەرژەوەندی و ئامانج و بڕی ئازادیی.
بەم پێیە میتۆدو تیورەی سیاسی ئامرازن و لەکۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی تر دەگۆڕین. ئەمەشە وەهایکردوە کە میتۆدو تیورەی سیاسی وڵاتێک یان کەلتوورێک لەلایەن وڵاتێکی ترەوە قبوڵ بکرێت یان نا. بۆ نموونە نە ئەمریکییەکان میتۆدە فەرەنسییەکان بەهێند وەردەگرن و نە فەرنسییەکان میتۆدە ئەمریکییەکان بەهێند وەردەگرن. لێرەدا پرسی کوالێتی و باشی و خراپی نییە، بەڵکو هەڵوێستی فەرەنسایە بەرامبەر ئەمریکا. فەرەنسا خاوەن کەلتوورێکی دووردو درێژی دژە ئەمریکاییە. ئەم پەیوەندییە قوڵەی نێوان جیوپۆلەتیک و میتۆدو تیورەی سیاسی، هیچمان بۆ ناهێڵێتەوە تەنها بە ئەو دەرئەنجامە بگەین کە تیورەو میتۆدی سیاسی ئامرازی دەوڵەتی یان کۆمەڵگایین، نەک تەنها بۆ تێگەیشتن لەخۆی، بەڵکو بۆ بەرگریی و حوکمکردن.
بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە زیاتر جێگای بایەخە دیاردەی ڕەگەزپەرستی تیورەو میتۆدی سیاسییە. ئەم رەگەزپەرستییە بەمجۆرەیە. زۆربەی زانستە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکان بەرهەمی کەیسن. هەر لە ماکس ڤیبەرەوە هەتا هانتنگتۆن و رۆبەت دال و زۆر کەسانی تر، زۆربەی چەمکە سۆسیولیوجییەکان و سیاسییەکان لەلێکۆڵینەوە لەکەیسێکەوە سەرچاوەی گرتووە.
بەڵام کاتێک بیرمەندانی رۆژئاوا لەکەیسێکەوە چەمکێک بەرهەمدەهێنن، بۆ هەنتنگتۆن لەمیانەی توێژینەوەی لەسەر سەربازی ئەمریکی چەمکی پرۆفیشناڵی بەرهەمهێنا، رۆبەرت داڵ و چەمکی دەسەڵات، ماکس ڤیبەر و پرۆتستانت و سەرمایەداری زۆر چەمک و کەیسی تر. بەڵام ئەم چەمکانە کە لەڕۆژئاوا بەرهەمهاتوون، بەبێ هیچ گرفتێک بەسەر سەرجەم مرۆڤایەتیدا دەگشتێنرێن. بەپێچەوانەوە، ئەگەر تویژینەوە لەسەر کەیسك بکرێت لەئەفریقا یان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یان ئاسیا، یان ئەمریکای لاتینی، ئەوا تەنها بەکەیسی ئەو ناوچانە دەمێنننەوە. ئەمانە پێیان دەڵێن توێژینەوەی هەرێمی یان ئێریا ستەدی.
توێژینەوەی هەرێمی کاتێک هەرێمەکە یان کەیسەکە لەدەرەوەی رۆژئاوابێت، ئەوا وەک توێژینەوەیەکی سنووردار بەو ناوچەیە دەبینرێت و هەرگیز وەها مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت کە دەتوانرێت وەک رەفتارێکی مرۆیی ببینرێت. لێرەدا بەڕوونی ئەوە دیارە کە لەمیانەی توێژینەوەی سیاسیدا ئەوەی بەمرۆڤ دادەنرێت، رۆژئاواییە، ئەوانەی کە لەدەرەوەی رۆژئاوان ئەوە هێشتا لەهەوڵداندان بۆ بوون بەمرۆڤ، بۆیە ناکرێت وەک نموونەی مرۆڤ مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. کاتێک نا ڕۆژئاواییەکان مرۆڤ نین، ئەوا دۆخەکەیان تایبەتە بەخۆیان، ناتوانرێت بکرێتە بەشێک لەڕەفتاری مرۆیی. ئەمە لەهەندێک زانستدا دەچێتە ئاستێکی کۆمیدی. بۆ نموونە ئەنترۆپۆلۆژیا بریتیە لەتێڕوانینی چاوی رۆژئاوایی بۆ ناڕۆژئاوایی. بەم پێیە ئەوە رۆژئاواییە کە دەتوانێت ببینێت و ئەوە ناڕۆژئاواییە کە دەبێت بەچاوی رۆژئاوایی ببینرێت هەتا ڕۆژئاواییانە لێی تێبگەیت.
لەپەیوەست بە بەرهەمهێنانی مەعریفە لەسەر کورد، دۆخەکە هەندێک ئاڵۆزترە. بەرهەمهێنانی مەعریفە لەسەر کورد، هەرگیز بۆ کورد خۆی نەبووە. بەو مانایە هەتا ئەمڕۆش کە هەر دۆڵێک زانکۆیەکی تیادایە، بەرهەمهێنانی مەعریفە لەسەر کورد بۆ کورد نییە. بەشی زۆری ئەو مەعریفەیەی لەسەر کورد بەرهەم دێت بۆ رۆژئاوایە. ئەم بەرهەمهێنانە بەگشتی لەژێر کاریگەری سپۆنسەرو فەندان، بەشێوەیەکی زەق، بەڵام بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەدەست میتۆدو تیورەی رۆژئاواییەوە دەناڵێنن کە دیدێکی دەرەکی بەرهەم دەهێنێت لەسەر دۆخێکی تایبەت.
ئەمە بە کورتییەکەی راستەوخۆ پەیوەستە بەهێزەوە. کاتێک لاوازی ئەوا دەبینرێیت. بەڵام کاتێک بەهێزدەبێت ئەوا دەتوانیت ببینیت. ئەمە بەڕوونی لە چینناسیدا دیارە.
ئەمانە دەمانبات بۆ چەند دۆخێکی ئاڵۆز:
یەکەم، ئایا ئەگەر میتۆدو تیورەکان ئامرازی دەسەڵاتن، کەواتە دەبێت چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین، کاتێک کە هەژەمۆنیەتیان هەیە.
دووەم، ئایا ئەو تیورانە سەرباری ئامرازییان دەتوانرێت لەلایەن ئێمەی پەراوێزەوە بەکاربهێنرێت بۆئەوەی خۆمان وەک خۆمان ببینین، یان ئەگەر بەکاری بهێنین ئەوا خۆمان وەک ئەوانیتر دەبینین؟؟
سێیەم، ئایا بۆئەوەی ئەم میتۆدانە بەکاربەرین دەبێت خۆماڵیی یان لۆکەڵایزیان بکەین؟
ئەم پرسیارانەو جۆری وەڵامدانەوەیان کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر جۆری مەعریفەی بەرهەمهاتوو.