وەختێك ئەم خاك و ئاوو شاخ و دارو بەردو دەشت و باوو باپیرانی ئێمەو ئەم كوردستانە هەبوون پێكەوە كوردو كوردستانیان پێكهێنابوو، هەندێ شوێن چۆڵ و هۆڵ و كاكی بەكاكی بوو، كاتێك لەم سەرزەمینەی كوردستان ئاینی یەزدان و یەكتاپەرستی هەبوو، لەشوێنی تر بت و دارو بەردیان دەپەرست. ئێرە كوردستانە، مەڵبەندو مەنزڵی خۆمانە، لەكەسمان داگیرنەكردووە، هەرچۆنێك بووە بەهەموو كەموكورتی و كەمتەرخەمییەكمانەوە پاراستومانەو گەیاندوومانەتە ئێرە. ئەوەی ئێستا هەیە، بەدڵنیاییەوە لەقەدەر قوربانی گەلەكەمان نییەو گلەیی و تێبینی زۆرمان لەسەری هەیە. ئەمەی ئێستا هەیەو ناوی هەرێمە، بەهەوڵ و خەباتی گەلەكەمان، بەگیانبەخشینی شەهیدەكان، بەماندوبوونی تێكۆشەرەكان، بەئازایەتی جەماوەری گەلەكەمان كەبەرگەی زۆڵم و زۆری رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی گرتووە هاتووەتەدی.
لەباشی و كامڵیدا عەیار بیست و چوارە ؟ نەخێر. بێ كەموكورتییە؟ نەخێر؟ هەموومان لێی رازین؟ نەخێر. بەڵام خۆشمان دەوێ، تێدەكۆشین بۆئەوەی هەموو كەموكورتییەكان نەهێڵین، بەرامبەر هەموو خوارو خێچییەك دەوەستینەوە، تاكو باشترو جوانتری بكەین، نەك داوابكەین بیڕوخێنین و وەك دوژمنانی گەلەكەمان بیركەینەوە. ئەوانەی ئەیانەوێ خوارییەكان رێكبكەنەوەو ناعەدالەتی نەهێڵن و بژێوی و ئارامی و سەقامگیری بۆ خەڵك دابین بكەن و رێگریی لەقۆرغكاری ئابووری و سیاسی بكەن و دیموكراسی و مافی چارەی خۆنووسین فەراهەم بكەن، ئەوانە ئەو كەسانەن كە بۆ هێنانەدی ئەم رۆژە ماندووبوون و تێكۆشان و قوربانییاندا، بۆیە لێ ناگەڕێن هەرێم بەرەو هەڵدیر ببرێ. ئەوانەشی ئەو خەونە نەزۆكە ئەبینن كە هەرێم نەمێنێ، ئەوانە ئەو كەسانەن كە هاتونەتە سەر حازرو خزمەت بەدوژمنانی كوردستان دەكەن. ئێرە كوردستانەو زیندووشە قەت نانەوێ ئاڵاكەمان.