کوردستان راستییە رەھاکەیە کە رۆژگاران و بەسەرھاتەکان و لێقەومانەکان زەفەری پێ نابەن.
کاتێک ئەم راستییە رەھایە ویستی بۆ قۆناغبەندی خەبات لەشێوەی فیدرالیدا خۆی رێکبخا شۆڤێنیی عەرەبی لەشیعەو سوننە بە دنەی ئیقلیمگیر دژی بوەستنەوە، سەرۆک مام جەلال لەڕۆژنامەی شەرقی ئەوسەت نووسی کردستان فدرالیە عملاقە. یەعنی فیدرالییەکی گەورەیە وەک شاخەکانی کوردستان کە ئەوەی دژی بێ سەری دای لەتاشە بەردەکانی کوردستان.
ئەو قسە بۆ خوردە سیاسیی عەرەبی عیراق بوو دوای کەوتنی بتەکەی سەددام لەساڵی ٢٠٠٣ ، کە بەداخەوە ئەمرۆ بۆ خوردە سیاسیی کوردیش دەست دەدات کە بەبیانووی ھەرە راستی شپرزەیی دارایی و ئیدارییەوە دەیانەوێ بتە شکاوەکە دابنێنەوە.
جا بتی سەددامەکەی زوو یان بتە خوردەکانی دوای خۆی کە لەدووسەرەوە لەڕێی دەستوورو فیدرالەکەی مام جەلال لایان داوە
دیسانەوە ناچارین نەگۆڕەکان بڵێینەوە:
کوردستان راستییەکی رەھایە کە گەرەکە عەرەب و عەجەم، ئێران و توران، ئیعرابی و بەداخەوە دەبێ بێژمی ، ئیکرادی، باشی بناسن.
ھەر لەباسی فەرھەنگی مامدا خۆی بۆی گێڕاینەوە:
لەزەمانی جاران کە سیاسەتی عیراقی لەدەورانی مەلیک و تا چەند ساڵێكی دەورانی جەمھورییش بەکوردستانیان دەگوت شیمال، ئێمە لەبزووتنەوەی کوردایەتی لەدامێنی ھەموو نامەیەکی حزبیدا دەماننوسی: بژی کورد، بژی کوردستان.
مام ھەروا وتیشی : وەختێکیش لەئەزموونی شۆڕشی کوباوە دروشمی : نیشتمان یان مردنمان وەرگرت کردم بە : یان کوردستان یان نەمان».
ھەڵبەت چونکە نیشتمانی ئێمە ناوی کوردستانەو خوا وای خوڵقاندووەو خەڵکیش وایان پێ خۆشە.
جا وەکو خوێندکارێکی رێبازە ئاوەدانەکەی کە مافی ئیجتھادو پێشخستنی فەرھەنگەکەی کراوەیە بۆ ھەمووان، تایتلی نامیلکەیەکم ناو نا
« یان کوردستان یان کوردستان »
بەو ئیعتبارەی ئیتر ھەر دەبێ بمێنین و مانەوەو ژیانیشمان بەندە بەکوردستانەوە. چونکە سەرەڕای ھەڕەشەی کۆرۆناو ھەڕەشەی داگیرکردنی کوردستان راستی و رەوایی ئەوەیە ھەر دەبێ بڵێین: یان کوردستان یان کوردستان.
ئەمە «میساقی میللیی» ئێمەیە بەرامبەر میساقی میللی ئەوان کە مێژوو شاھیدە چەند جار لەترسی ئیفرەنج و ئینگلیز لێیان کورت و درێژ کردۆتەوە.
کوردستان ڕاستییە ڕەھاکەیە کە ئەگەر فەرھەنگی زمان راست دەکاو گەشەی کەلتووری دەوێت ھەقە لەبەرامبەر وشەی ڕاستی وشەی کوردستان دابنێن تا کێ راستی وت بێژن کوردستانی وت و کێش راستی خواست بێژێ کوردستان دەڵێم
کوردستان باڵاکەیەو خوار ئەوەش قسەی ترە، لەوانەیە بیپێکێ و لەوانەشە بپێکرێ و ھەر «مافی ھەڵە وتنە» و ھیچی تر.
قضي الامر الذي فيه تستفتيان
جا لەکورتی بیبڕمەوە رای جیاواز سەرسەرم و بێ حورمەتیش بۆ واڵی خەڵکی تر پاشکەوت بکەن