د.سەردار عەزیز

تورکیاو کورد: چی دەگوزەرێت؟

  2020-06-28 11:27      268 جار بینراوە        کۆمێنت

ئێستا دەتوانین بڵێین کە بەسەرکردایەتی تورکیا، هەر سێ وڵاتی عیراق و ئێران و تورکیا لەفشارو هێرش و شەڕدان دژ بەکورد. توپبارانی ئێران بۆ سنوورەکان، داوای عیراق بۆ کردنەوەی دەروازەیەکی تر لەگەل تورکیادا دوور لەدەستی حکومەتی هەرێم، لەگوندی ئۆڤاکۆی، هێرش و توپبارانەکانی تورکیا، هەموو لەیەککاتدا بەڵگەو نیشانەی ئەم دۆخەن.
ئەندازیاری ئەم گەلەکۆمەیە لەئێستادا تورکیایە. هەتا ماوەیەک لەمەوپێش چەند تێگەیشتنێکی هەڵە لەئارادابوو کە ئەم رووداوانە هەموویانی پووچکردەوە. نموونەی ئەم تێگەیشتنە هەڵانە کە زۆر لەلایەن میدیای کوردییەوە بەگوێی خەڵكی کورددا دەدران: یەکەم، نەمانی ترسی دەرەکی لەسەر هەرێم، دووەم، نەبوونی هەماهەنگی لەنێوان تورکیاو ئێران، بەتایبەتی دژ بە پەکەکە، سێیەم، نەمانی ترسی سەربازی لەلایەن حکومەتی عیراقەوە، یان هاوکارینەکردنی عیراق بەمۆدێلی جاران دژ بە کورد.
چۆن تورکیا توانی ئەم هێزانە کۆبکاتەوە؟
هەردوو عیراق و ئێران لەژێر فشاری دارایی و ئابووری زۆردان. یەکێک لەئامانجەکانی حکومەتی کازمی ئەوەیە کە داهاتی غەیرە نەوتی دەستبکەوێت، یەکێک لەو سەرچاوانە کە داهاتی زۆر دابیندەکات دەروازەکانە. بوونی ئامانجی تورکیاش بۆ کردنەوەی دەروازەیەکی تر لەنێوان عیراق و تورکیادا، هەردوو ئەم لایەنانەی لەیەکتر نزیک کردووەتەوە، ئەم دەروازەیە لەگوندی ئۆڤاکۆی تورکی دەبێت. وڵاتی عیراق لەپاش ریفراندۆم هەوڵیدا ئەمکارە ئەنجامبدات، بەڵام ڕێگریی هاتە ڕێی، ئیستا جووڵەی کۆماندۆکانی تورکیا لەنزیک زاخۆ دەکرێت بەئەو ئامانجە بێت.
ئامانجی هەرە سەرەکی ئەم دەروازەیە جگە لەئابووری، سیاسی و جیوپۆەلتیکیە. یەکەم، ئەو ترس و نیگەرانیەی تورکیا کۆتایی پێدەهێنێت کە دەبێت بە کورددا بگاتە عەرەب. چونکە تورکەکان دەیانەوێت ڕاستەوخۆ بگەنە عەرەب، وەک بازاڕ. دووەم، هەرێم گۆشەگیر دەکات و لەڕووی ئابوورییەوە هەژاری دەکات و سێیەم، هەرێم هێندەی تر ناچار بەتورکیا دەکات.
نزیکبوونەوەی تورکیاو ئێران، جێگای سەرسوڕمان نییە، چونکە دوو وڵاتی خاوەن کەلتووری ئیمپراتۆری هەمیشە لەگەڵ پەراوێزەکانیاندا بەو جۆرە مامەڵە دەکەن. ئێستای ئێران پێویستی بە تورکیایە، چونکە هەژارەو لەژێر ئابلۆقەدایە، تورکیا دەروازەیەکە بۆ فرۆشتنی غازی سروشتی و بەدەستهێنانی کاڵاو دەستکەوتنی داهات. بۆیە ئێران ئامادەیە چاوپۆشی بکات لەهێرشی تورک بۆ سەر کوردستان و پەکەکە. ئەوەی دەرخەری هاوپەیمانی نێوان ئێران و تورکیایە بۆردمانی تورکیایە بۆ کونەماسی کە بنکەی پژاکی تیادایە. دەکرێت ئەم هێرشە وەک دیارییەک لەلایەن تورکیاوە بۆ ئێران لێکبدرێتەوە، لەبەرامبەر رازیبوون و پشتیوانی. چونکە ئێران لەئێستادا خۆی ناتوانێت لەئاسمانەوە کاری وەها بکات، تورکیا لەبری بۆی ئەنجامدەدات.
بەڵام ئەوەی ئاسانکاری کردووە کە ئەم وڵاتانە پێکەوە کۆببنەوەو گەلەکۆمە بکەن هەبوونی زەمینەیەکە بەوەی کە دەبێت رێگری لەبەهێزبوونی کورد بكرێت لەناوچەکەدا. هەرسێ وڵات هاوڕان لەسەر لاوازکردنی کورد. لێرەدا چەند فاکتەرێكی تر دەکرێت ئاماژە پێبدرێت.
ئایا تورکیا وەک یاریکەری سەرەکی ئامانجی چیە؟ هەتا ئێستا تورکیا وەک ئەکتەرێکی سەرەکی لەعیراقدا نەبینراوە، بەڵکو ئەکتەرە سەرەکییەکان ئێران و ئەمریکابوون.
دوو خوێندنەوەی گشتی هەیە بۆ دۆخەکە: یەکەم، رێککەوتنی کوردو کورد لەڕۆژئاوا، تورکیای خستە ئەو خانەیەوە کە ئەگەری دروستبوونی یەکەیەکی کوردی هەیە لەڕۆژئاڤا، بەپشتیوانی نێودەوڵەتی. پاشان قسە لەسەر ئەوە هەیە کە ئەو یەکەیە لەگەڵ تورکیادا ئاشتی بکەن. بەڵام تورکیا ئەو یەکەیە بەمەترسی دەبینێت، چونکە وەهای دەبینێت کە لەلایەن پارتی کرێکارانەوە بەڕێوە دەبرێت. بەم ترس و بەهانەوە تورکیا دەیەوێت پانتاییەکی ئاسایشی وەک بەفەر بەسەر سنوورەکەیدا دروست بکات، هەتا رێگری لەهاتوچۆی گەریلاکان بکات لەباشورەوە بۆ رۆژئاڤا. ئەم ئامانجە لەگەڵیدا ئامانجی کشان بۆ باشوورو بوون بەئەکتەرێکی لەسیاسەتی عیراقی و بەدستهێنانی دەستکەوتی ئابووری و سیاسی و جیوپۆلەتیکی. هەروەها ئەگەر بێتو یەکەیەکی تری هاوشێوەی باشوور لەڕۆژئاڤا دروست بێت ئەوا دەبێت دابڕاوبێت و بەو جۆرە تورکیا باکوورو باشوورو ڕۆژئاڤا لەیەکتر دادەبڕێت.
دووەم، ئەگەر ئەوەیە کە تورکیا سزای باشوور دەدات بەوەی کە هاوکاری ئەو رێککەوتنە بووەو هەوڵدەدات کە لەئێستاوە لەباری ببات بەوەی هەردوو باشوورو رۆژئاڤاش لاوازبکات. لەم دیدە جیوپۆلەتیکیەدا ئێران هاودیدی تورکیایە.
دیدی ناوخۆیی:
بەشی زۆری ئەوەی بەسەر کورد دێت یان کورد ناتوانێت هیچ بکات، پەرتەوازەیی کوردە لەناوخۆی خۆیدا. بۆیە دەبێت کورد بەخێرایی هەڵوێستیان بەرامبەر یەکتر بگۆڕن. ئێستا لەباشوور سەردەمی رسوابوون و نەمانی بەهاو هاوبەشی و خەمە. لەدۆخی وەهادا ئەستەمە بتوانرێت فشارو کار بکرێت. بۆیە پێشئەوەی هەر هەنگاوێک بنێن لایەنە کوردییەکان دەبێت پیاداچوونەوەیەکی گەورە بەخۆیاندا بکەن. بە پەرتەوازەیی و گەندەڵی و شەڕی میدیایی و پەمپدانی هەوادارن ناتوانرێت رووبەڕووی هیچ فشارێک ببینەوەو ناتوانین هیچ فشارێک بکەین.
هەرێم لەم پرۆسەیەدا نە لەلای بەغداو نە لەلای ئەوانیتر هیچ سەنگێکی نەماوە. بەڵام پێش هەموو شتێک حکومەتی هەرێم لای خەڵكی کوردستان خۆی سەنگی نەماوە. لەدۆخێکی وەهادا ناتوانرێت هیچ جۆرە داکۆکی و بەرگرییەک بکرێت. بەشی زۆری ئەم دۆخەی هەرێم قەیرانی ئابووری و ململانێی نێوان یەکێتی و پارتییە. هێشتا لەهەرێم داهاتێکی زۆر لەدەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتە، بەکاردەبرێت دژ بەخەڵکی کوردستان و ئامانجی گشتی.
بۆیە هەنگاونان بەو ئاقارەی کە ئەم داهاتە بەفیڕۆچوانە وردە وردە بن بڕ بکرێت، بنەمای ئەوەیە کە خەڵک و حکومەت ئاشت بنەوە. دووەم هەنگاو کۆبونەوەی یەکێتی و پارتیەو وەلانانی کێشە ناکۆتاکانیانە لەئیستادا. یەکێتی و پارتی دەبێت فێری ئەوەبن کە چۆن پرۆسەی کۆمپارتمێنتەلایزەیشن بکەن. چۆن کێشەکانیان بەش بەش بکەن و هەر بەشێک جودا لە ئەویتر مامەڵەی لەگەڵدا بکەن. نەک پرسێکی بچوک ببێتە هۆکاری شەڕی سەرانسەری لەهەموو ئاستێکدا.
هەنگاوی هەرە گرنگی تر ئەوەیە کە هێزی پێشمەرگە بەڕێنماییەکانی هاوپەیمان یەک بخرێن. هەرچەندە هێزی پێشمەرگە توانای ئەم جەنگەی نییە، چونکە یەکێک لەو فاکتانەی دەبێت لەبەرچاو بگیرێت وەرچەرخانی توانای تەکنەلۆجی و سەربازی تورکیایە: کە کورد ناچار دەکات جۆری خەباتی خۆی بگۆڕێت. بەڵام چاککردنی پێشمەرگە ئەو جۆرە پشتیوانیە دابین دەکات کە لەڕۆژئاڤا بۆ کورد هەیە، ئەمە بنەمای کاری تری دیپلۆماسییە.
ئەمەی بەرامبەر کورد دەکرێت هەوڵدانە بۆ لاوازکردنی کورد لەساتەوەختێکدا کە دەرفەتی هەیە کە پێگەی هەبێت. بەڵام کوردی باشوور بەتایبەتی لەهەموو ساتێکی تر زیاتر پەرتەوازە و تووڕە و بێزارن. ئەمە بەرهەمی ڕاستەوخۆی سیاسەتی نەوتە، چارەسەری بەئاسانی نابێت بۆیە دەبێت بیر لەچارەسەری خێرا بکرێتەوە ئەویش، دابینکردنی سەرچاوەی دارایی لەهەردوو ڕێگای چاکسازی ناوخۆیی و پەیوەندی دەرەوە بەتایبەتی لەگەڵ بەغدادا بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە. بەڵام ئەوەی فاکتەو نەگۆڕە، کورد گەر بیەوێت هەبێت، بێ نەیار و رکەبەر نابێت، ئەمە سروشتی پەیوەندی نێودەوڵەتییە. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ڕکەبەرێکی دەرەکی سەرەتا لەناو ماڵی خۆمانەوە دەست پێدەکات. شەڕ لەگەڵ کورددا لەسەر ئەوە نییە کە کوردە، بەڵکو لەسەر خاک و سامان و پێگەکەیەتی.

وتاری زیاتر

بۆ کۆچ؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-11-13 21:32      131 جار بینراوە


بۆچی سەربەخۆکان سەرنەکەوتن؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-10-16 17:57      143 جار بینراوە

قەیرانەکانی خێزانی کوردی‬ د.سەردار عەزیز
2021-09-16 13:36      225 جار بینراوە

ناین ئیلێڤن ٩١١‬ د.سەردار عەزیز
2021-09-11 17:27      806 جار بینراوە


کۆمیونیزم و جیهادیزم لەگوند‬ د.سەردار عەزیز
2021-08-27 11:18      162 جار بینراوە

کەوتنی کابول ‬ د.سەردار عەزیز
2021-08-16 19:04      582 جار بینراوە



تڕەکەڵەکی کازمی‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-24 15:40      425 جار بینراوە

تارماییەکانی مەکگۆرک‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-17 19:27      853 جار بینراوە


ئەردۆگان و یاریی کورد‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-10 17:15      424 جار بینراوە

پاش ئەوروپا‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-10 10:08      244 جار بینراوە


بایدن و ئەردۆگان پاش دیدار‬ د.سەردار عەزیز
2021-06-18 13:53      159 جار بینراوە

بایدن و ئەردۆگان‬ د.سەردار عەزیز
2021-06-09 10:10      208 جار بینراوە



ئایا خاکی کوردستان فرۆشراوە؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-06-02 18:57      197 جار بینراوە

جەمشیدو مەعریفەی بێ رێچکە‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-31 14:48      272 جار بینراوە

نەفرەتی بێدەوڵەتیی!‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-29 17:57      180 جار بینراوە

ئایا مەترسی لەئارادایە؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-22 17:55      217 جار بینراوە


دەستوورێک بۆ هەرێم؟!‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-10 14:31      212 جار بینراوە

سەما لە سەردەمی بازاڕدا‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-03 15:14      193 جار بینراوە

بایدن و جینۆسایدی ئەرمەنی؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-01 16:30      168 جار بینراوە

قەیرانی گەشە لە کوردستان‬ د.سەردار عەزیز
2021-04-26 18:41      284 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو