لەگەڵ هاتنە سەرکاری پارتی دادو گەشەپێدانی تورکیا بۆ بەدەستەوەگرتنی جڵەوی دەسەڵاتی سیاسی لەو وڵاتەو بوونی رەجەب تەیب ئەردۆغان بەسەرۆک وەزیران، دەستکرا بەگۆڕینی سیاسەتی دەرەکیی تورکیا.
ماوەی زیاتر لە٨٠ ساڵ بوو، ئەوان پشتیان لەوڵاتە ئیسلامیی و عەرەبییەکان کردبوو، خۆیان بەیەکێک لەوڵاتانی ئەوروپایی دادەنا، بەڵام پاش ئەوەی بۆیان روونبۆوە کە نابنە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا، ئینجا دەستیانکرد بەگۆڕینی سیاسەتی دەرەکیی خۆیان و دووبارە روویان کردەوە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و خۆرهەڵات و خۆرئاوای عەرەبی و ئیسلامی.
ئەوەی ئەو دەرفەتەشی بۆ رەخساند ئەوەبوو زۆربەی وڵاتە عەرەبییەکان لەو باوەڕەدا بوون کە تورکیا لەسایەی ئەردۆغاندا، دەبێتە دۆستێکی نزیکی عەرەب و دژی ئیسرائیل و ئێران دەوەستێتەوەو بۆ ئەوەش چەند رووداوێکی نێوان عەرەب ئیسرائیل لەکۆتایی دەیەی پێشووی ئەم سەدەیەو ئەم دەیەیەدا روویاندا کە تورکیا خۆی لێکردنە خاوەن و بەڕووکەشی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا گەیاندە مریشکە رەشە. چونکە هەر لەسەرەتاوە تورکیا دەستیکرد بەپەیڕەوکردنی سیاسەتێک بۆ راکێشانی هەستی بەشێکی زۆری عەرەبەکان ئەوەش لەرێگای دژایەتیکردنی ئیسرائیلەوە، هەرچەندە ئەمەش تەنها لەڕووی میدیایی و قسەوە بوو، دەنا لەژێرەوە هیچ دژایەتییەکی نەکردووە. دواتریش کتوپڕ هەموو ماڵێکی عەرەبیی پڕبوو لەدرامای تورکی و جوانکردنی سیمای ئەو دەوڵەتەی کە ماوەی چەندین ساڵ وڵاتانی عەرەبیی لەژێرناوی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا داگیرکردبوو.
بەڵام زۆری نەخایاند ماسکەکە کەوت، دووبارە سیمایان دەرکەوتەوە، بەتایبەتی لەپاش ئەوەی کە پێی دەڵێن بەهاری عەرەبی، تورکیا بەئاشکراو راستەوخۆ، دەستیکرد بەجێبەجێکردنی ئەجێندا شاراوەکانی و ئێستاش بۆتە مەترسییەکی گەورە بۆسەر زۆربەی وڵاتە عەرەبییەکان، بەشێوەیەک لەئیسرائیلیش ترسناکترە بۆیان.
لەوانەبێت لەسوریادا لەهەمووی قێزەونتر بێت، چونکە لێرە رۆڵی تورکیا لەچاو وڵاتەکانی دیکەدا زیاتر بوو، بۆیە کارەسات و قوربانییەکانیش زیاتربوون.
شاری حەلەب یەکێک بوو لەشارە گەورەکانی سوریاو شارێکی پیشەشازیی و دەوڵەمەند بوو، یەکەمین ئامانجی سیاسەتی تورکیا، وێرانکردنی ئەو شارە بوو، چونکە لەماوەی پێشوودا شمەکی سوری بەتایبەتی رستن و چنین و خۆراک و شمەکی کارەبایی و کیمیایی، ببووە رکابەرێکی گەورەی شمەکی تورکی. ئەم شارە پیشەشازییە وێران کراو هەموو کارگەکانیش یان وێران کران، یان کەرەستەو کاڵاکانیان دزران. ئەوە جگە لەپڕچەککردنی هەزاران گەنجی بێکارو دروستکردنی دەیان گروپی ئیسلامیی جیهادی لێیان، سەرباری ئەو چەکدارە بیانییانەی پێیان دەوترێت مورتەزەقەی ئیسلامیی روسیاو ئاسیاو ئەوروپا کە هەموویان هێنراونەتە تورکیاوەو لەوێشەوە بەرەو سوریا گواستراونەتەوە، بۆ تێکدانی سوریاو سەپاندنی ئەجیندای تورکیا تیایدا.
ئەوەی ئێستا بەبەرچاوی هەموو لایەکەوە دیارە تورکیا گەل و خاکی سوریا بەخراپترین شێوە بۆ مەرامی خۆی بەکاردەهێنێت، لەلایەکەوە خەڵکەکەی ئاوارە کردو هەژاری کرد، بەشێوەیەک بەشێکی زۆریان ئامادەن لەبەر بژێویی ژیان ببنە چەکدارو ئەجێندای تورکیا لەسوریاو وڵاتەکانی تر جێبەجێبکەن، بۆ نموونە ئێستا نزیکەی ١٠ هەزار کەسیان لێ نێردراوە بۆ لیبیا. هەروەها هەژاریی و ئاوارەیی خەڵکی سوریاش وەکو کارتێکی گوشار لەدژی ئەوروپا بەکاردەهێنێت. جگەلەوەش بازرگانیی بە جەستەی” ئۆرگان” سوریە ئاوارەکان دەکات. ئەوە جگە لەداگیرکردنی بەشێکی زۆری خاکی سوریا، کە ئەویش هەمان چارەنووسی ویلایەتی ئەسکەندەروونەی هەیە کە پێشتر داگیری کردووە.
بەداخەوە لەسەرەتای کێشەی سوریادا بەشێکی زۆری وڵاتانی کەنداو پشتگیریی مادیی تورکیایان دەکردو گروپە تیرۆریستەکانیان بۆ پڕچەک دەکرد، بەڵام دوایی بەشێکی زۆریان وازیان لەم سیاسەتە هێنا، تەنها قەتەر نەبێت کە لەڕووی مادییەوە پشتگیریی سوپای تورکیاو میلیشاکانی دەکات لەسوریادا.
هاوکات و هەر ئێستاش تورکیا پەلاماری لیبیا دەدات کە لەمەشدا کۆمەڵێک ئەجیندای خۆی هەیە لەپێش هەموویانەوە دەستگرتن بەسەر سامانی نەوت و گازی لیبیا.
هەروەها بۆئەوەی هێندەی تر گوشار بخاتە سەر ئەوروپاو لێرەشەوە کارتی پەنابەران لەدژیان بەکاربهێنێت، هەربۆیە بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەوروپا دژی سیاسەتی فراوانخوازی تورکیا وەستاونەتەوە لەپێش هەمووشیانەوە فەرەنساو یۆنان و ئیتالیا.
بەڵام دووبارە بەداخەوە لێرەش لە لیبیادا تورکیا بەخوێن و پارەی عەرەبی، ئەم وڵاتە مەزنەی جیهانی عەرەبی داگیر دەکات. بەهەزاران مورتەزەقەی خەڵکی سوریایان هێناوەتە لیبیاو شەڕیان پێدەکەن، لەولاشەوە بەپارەی عەرەبیش ئەم جەنگە دەکەن، جگەلەوەی قەتەر هەموو خەرجییەکانی ئەم جەنگە دەگرێتە ئەستۆ، هەر دوێنێ ئاژانسەکانی هەواڵ بەبەڵگەوە ئەوەیان ئاشکراکرد کە سەڕاج-ی سەرۆکی حکومەتی ویفاق-ی لیبیا دەیان ملیار دیناری لیبیی لەڕێی بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتەوە بۆ تورکیا حەواڵە کردووە، جگە لەدەیان گرێبەستی وەبەرهێنان و بازرگانی کە بەهاکەیان زیاتر لە ١٨ ملیار دۆلارە. واتە تورکیا لەم جەنگەدا هیچ زەرەر ناکات، چونکە نە سەربازی خۆی دەکوژرێت و نە یەک فلیسش لەکیسەی دەردەچێت، بگرە لەڕووی داراییەوە قازانجیش دەکات، چونکە چ سەربازو چ پارەکەش، هەردووکیان هی خودی عەرەبن.
لەلایەکی دیکەشەوە گروپی ئیخوان موسلمین کە گەورەترین ئاراستەو رەوتی ئیسلامین و لەزۆربەی وڵاتە عەرەبییەکاندا لقیان هەیە بەتایبەتی لە لیبیادا، پشتگیریی تەواوی ئەجینداکانی تورکیا دەکەن بەئومێدی زیندووکردنەوەی خەلافەتی عوسمانی کە ئامانجی سەرەتای ئیخوان لە ١٩٢٨-ەوە هەر ئەوە بووە. بەڵام هاوشانی ئەو ئاراستە عەرەبییە، ئێستا لەناو وڵاتە عەربییەکاندا گیانێکی بەرەنگاریی گەورە لەدژی تورکیا سەریهەڵداوە کە رووی راستەقینەی تورکیای بۆ گەلانی عەرەب دەرخستووەو پشتگیرییەکانی ئەو وڵاتەی لەمەسەلەی فەلەستین و بەهاری عەرەبی پووچەڵکردۆتەوە، هەربۆیە دەبینین هەریەکە لەشانشینی سعودیەو میسر، کە دوو دەوڵەتی گەورەی عەرەبین، لەسەنگەری پێشەوەی رووبەڕووبوونەوەی ئەم سیاسەتە فراوانخوازییەی تورکیا دەوەستنەوە، ئەمەش هیوایەکی گەورەی بەناوچەکە داوە، چونکە ئەم دوو دەوڵەتە چ لەڕووی ئابووریی و سیاسیی و جیۆپۆلتیکی جیهانەوە، رۆڵی گەورەیان لەسەر نەخشەی سیاسی جیهان هەیەو خاوەنی ئیمکاناتێکی گەورەی ئابووریی و سەربازیی و دیپلۆماسیی مەزنن.
هەروەها لەئەوروپاشدا زۆربەی وڵاتەکانی ئەوروپا دژی سیاسەتی تورکیان، هەر ئەمەش دەبێتە هیوایەکی باش، بۆ رێگرتن لەم سیاسەتە شەڕەنگێزییەی تورکیا بەرامبەر بەناوچەکەو جیهان کە ئێستا جیا لەجارەکانی پێشوو هەرێمی کوردستانیشی گرتۆتەوەو زیاتر لەجارەکانی پێشوو پێی لێ راکێشاوە.