لەدوایین کۆبوونەوەی خۆیدا، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا مووچەی مانگی شوبات بەکەمکردنەوەی (21%) بدات بەسەرجەم وەزارەتەكان، بەمووچەی فەرمانبەرانیشەوە، بەو بیانووەی کورتهێنان زۆرە تا بتوانرێت دەست بەدابەشکردنی مووچە بکرێت .
لەم هەنگاوەدا حکومەت بەرپرسیارێتی ئەو لێبڕینەی بەسەر پێکهێنەرەکانیدا دابەشکردووە، واتە وەزارەتەکان خۆیان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی داراییدا لەڕێژەی کەمەوە بۆ زۆر مووچە دەبڕن! کەواتە ڕۆڵی داوەتە وەزارەتەکان کە ئەم کارەبکەن ، بەمەش سەرجەم پێکهێنەرەکانی حکومەت کە بە وەزیر بەشدارن لەو نادادیەی پەنای بۆ براوە هاوبەشی پێ دەکات!
هەروەک دیارە ئەمجارە مووچە کە کەم دەکرێتەوە بەبێ پاشەکەوتە و ناوی “لێبڕین”ی لێنراوە، واتە دیارنییە کە ئەو لێبڕینە پڕۆژەیەکە دەخرێتە سەر پاشەکەوتی پێشوو یا هەر پێی نادرێتەوە، کە من پێموایە ئەگەری دووەمیانە و بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە تا حکومەت لە ئاییندەدا مولزەم نەبێت بۆ گێڕانەوەی شایستە داراییەکانی فەرمانبەران، هەرچەندە حکومەتی هەرێم دەڵێت کە ئەو بڕیارە کاتییە و تەنها بۆ مانگێکە، بەڵام پێناچێت لە ماوەیەکی نزیکدا بودجە و داهاتی پێویست لەبەردەستدا بێت بۆئەوەی مووچەی پێ بدات، بۆیە پێشهاتێکی چاوەڕوانکراوە کە ئەو لێبڕینە بە شێواز و وەسفی جیاجیا بۆ مانگەکانی تریش بەردەوام بێت .
ئێستا ئەو کابینەیە لەجیاتی رێکخستنەوەی داهاتی نەوت و ناوخۆ و دەستبردن بۆ بنبڕکردنی فرەمووچەیی و موچەخۆری بێ سودی نایاسایی و جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی خانەنشینی، دێن و بە بڕیار مووچەی فەرمانبەران کەم دەکەنەوە! ئاخر کەی ڕەوایە مووچەی هێزەکانی پۆلیس و ناوخۆ کە شەو و رۆژیان خستۆتە سەریەک بۆ خزمەتی لایەنی ئەمنی و پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان، یان مووچەی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی کە ڕۆژانە لەگەڵ مەترسییەکانی پەتای نەگریسی کۆڕۆنادا روبەڕودەبنەوە و بەگیانی خۆیان قوربانی دەدەن لەجیاتی پاداشت و دەستگیرۆیی، زیاتر کەم بکرێتەوە؟
بەداخەوە ئەم کابینەیە لەجیاتی گێڕانەوەی هیوا، خۆی بۆتە بەشێک لە کێشە و لە هەڵبژاردنی چارەسەری گونجاودا بۆ قەیرانی دارایی سەرکەوتوو نەبووە ، هەربۆیە یەکێتی وەک پێکهێنەرێکی سەرەکی پێویستە چاوێک بەوەدا بخشێنێتەوە کە تاچەند ئەو کارنامەیەی لەسەری رێکەوتن کرا، جێبەجێ کراوە ، یان لانی کەم لە ئاییندەدا چ گرەنتیەک هەیە ئۆباڵی خراپ بەکارهێنانی سەنگ و پایەکانی دەوڵەتداریی زیانەکانی چەند هێندە نابن و یەکێتیش تیایدا تووشی ئیحراجی گەورە ناکەن؟
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەکردایەتی یەکێتی و نیشاندانی ناڕازیی بوونی بەم هەنگاوەی حکومەت، جێی دڵخۆشییە، بەڵام ئەوە بەس نییە و پێویستە لە رۆژانی تردا بەکرداریی ئەو ناڕەزاییە لە رێگەی تیمی یەکێتییەوە لەناو حکومەتدا ڕەنگ پێبداتەوە و بەدەنگێکی بەرز و زوڵاڵ دژی ئەو رێککارە بووەستێتەوە و نەچێتە بەرەیەکەوە کە هاووڵاتیانی ئەم هەرێمە زیاتر تووشی داڕمان و بێ هیوایی و نەهامەتی زیاتر بکاتەوە.
لەجیاتی ئەوە پڕۆژەیەکی کاتیی چارەسەر بۆ ڕێکخستنەوەی داهاتی هەرێم و بڕینی تەمویلی تەواوی سەرۆکایەتییەکان و راگرتنی خەرجییە ناپێویستەکانی وەزارەتەکان و فرە مووچەیی و ڕاگرتنی مووچەی پلەباڵاکان تەبەننی بکات کە باری لاری ئەو لێبڕینە وەک سزایەکی پێشوەختە وایە لەسەر شانی فەرمانبەرانی ئاسایی، راست بکاتەوە، ئەوسا کە وەڵامی ئەرێنی لە حکومەتەوە وەرنەگرت، ئەوا هیچ بیانویەک بۆ درێژەدان بە شەرعییەتی ئەم حکومەتە سوودی نابێت و پێویستە بەزووترین کات یەکێتی لەم حکومەتە بکشێتەوە و بەهاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە پڕۆژەی جێگرەوە بۆ قۆناغی گواستنەوە ئامادە بکەن و وڵات لە نغرۆبوونی زیاترو کەڵەکەبوونی زیاتری قەیرانەکان رزگار بکەن .