یەکەم
رەنگە لەمێژووی نوێی تورکیادا تورکۆت ئۆزال لیبرالترین و عەقڵانیترین سیاسەتمەداری ئەو وڵاتە بێت. ئەو بڕوای وەها بوو بۆئەوەی تورکیا گەورەو کاریگەربێت، دەبێت پرسی کورد چارەسەر بکات، بەڵام سەرباری ئەمە، کاتێک دیدی خۆی بۆ عێراقی پاش دۆڕانی کوێت دەردەبڕێت دەڵێت: عیراق لاوازدەبێت و ئێمەی تورک دەتوانین بڕۆین ببین بەپارێزەرو خاوەنی کوردو تورکمانەکان. ئەمە باشترینیانە کە وەها بیری دەکردەوە، دەبێت ئەوانی تر چۆن بیربکەنەوە؟
بۆیە تورک لەگەڵ کورددا، لەهەرکوێیەک بێت ناتوانێت پەیوەندییەکی هاوتایی مرۆڤانە بونیادبنێت.
دووەم، کاتێک هێرش دەکرێتە سەر کوردستان، گەورەترین پرس ئەوەیە کە ئایا ئەم لایەن و ئەو لایەن چیان گوت، ئەم کەناڵ و ئەو کەناڵ چۆن ڕوماڵیان کرد. ئەمە ئەو تێزە نایابەی بیرمەندی سعودی عەبدواللە القصیمیم بیر دەهێنێتەوە کە دەڵێت عەرەب دیاردەیەکی دەنگین. ئێمەش ئامانجی هێرشەکەو ململانێکە هەموو دەنێنن بەلاوە، باسی ئەوە دەکەین کە ئەم چۆن باسی کردو ئەو چۆن باسی کرد.
ئەمە دیاردەیەکی خۆخۆریی و خۆگەوجاندنە.