زۆرجار گوێبیستی نهێنی و پرسی ئاڵۆزو نەفرەتکراو لەهەندێک شوێن و جێگە دەبین، تێیدایە نهێنییەکەی ئاشکرا بووە، هەشە هێشتا نهێنییەکەی نەدۆزراوەتەوەو بەدوای دۆزینەوەیدا وێڵن، وەک هەرەمەکانی جیزەی قاهیرەو سێگۆشەی بەرمۆداو وەحشەکەی دەریاچەی نیس و تیشکە لێڵەکان.
شوێن و جێگەیش هەن نهێنییەکەی تەنیا لای پسپۆران و کەمینەیەکی خەڵکییە، وەک چاڵی باتۆمسکی یان هێلانەی هەڵۆی ئاگرین کە دەکەوێتە باکووری ناوچەی ئێرکۆتسک لە سیبریا، کە بەڕێکەوت ناوەڕاستی سەدەی بیست لەساڵی ١٩٤٩، لەلایەن توێژەرێکی جیۆلۆجی بەناوی فادی ماکۆلباکۆڤ دۆزرایەوە، کاتێک ماکۆلباکۆڤ بڕیاری دەستپێکردنی گەشتێکی بۆ سایبیریا دا، نەی دەزانی کە یەک لەنامۆترین نهێنییەکان «چاڵی باتۆمسکی» ئاشکرا دەکات، کە هێشتا بۆ کەس هەڵنەهێنرابوو، ماکۆلباکۆڤ گوێی بەئاگادارکردنەوەی دانیشتوانی ناوچەکە نەدا، بەوەی زۆر نەچێتە قوڵایی دارستانەکە، چونکە تەنانەت ئاژەڵێش خۆی لەوە دەبوارد، هەر کەسێک لێی نزیک بێتەوە هەست بەڕشانەوە دەکات هەندێکیش هەر ون دەبوون، بێگومان ماکۆلباکۆف گوێی بەو چیرۆکانە نەداو بەردەوامی بەڕێگەی خۆیدا تاوەکو بەچاوی خۆی ئەو شوێنە نامۆیە ببینێت کە لەدەمی چاڵی بورکان دەچێت، بورکانیش نییە، چونکە ئەو ناوچەیە هیچ بورکانێکی تێدا نییە، وێڕای ئەوەی ناوچەکە لەچەند سەدەیەکی رابردوودا هیچ چالاکییەکی بومەلەرزەی بەخۆوە نەدیوە، ئەو چاڵە لەهەموو لایەکەوە بەدار دەور دراوە.
تەمەنی ئەو چاڵە بەنزیکەی ٢٥٠ ساڵ مەزندە دەکرێت، ئەوەی جێی سەرسوڕمان و بایەخدانە، دارەکانی نزیک ئەو چاڵە ماوەی گەشەکردنی زۆر خێرا بووە، هاوتای گەشەی دارستانەکانی دەوروبەری چێرنۆبیل بوو.
زانایان هەوڵی شیکردنەوەی دەرکەوتنی ئەو چاڵەیان بەچەندین تیۆری دا، لەمەڕ چییەتی و چۆنیەتی دەرکەوتنی، هەندێک وای بۆچووە کە بەهۆی کەوتنی نەیزەکێکەوە دروست بووە، چونکە ئەو ناوچەیە کەوتۆتە سەر هێڵی کەوتنی نەیزەکی تونگوسکا، بەڵام هەندێک راستی ئەو رووەکانەی لەنزیک ئەو چاڵە هەبوو بەڵگە بوون بۆ شکستی ئەو تیۆرە. هەندێک لەزانایانی تر پێیان وابوو دەشێ ئەو بەرچە کرداری ئەتۆمی بێت هی ئەو کەشتییە ئاسمانییانەیە کە یۆرانیۆمیان وەک سوتەمەنی بەکاردەهێنن، ئەم گریمانەش بەتاڵکرایەوە، هەندێکیتر وای بۆچوون کە دەرئەنجامی کەوتنە خوارەوەی تەنێکی لوولەیی گەورە بۆ سەر زەوی بووبێت ئەو چاڵە قوڵەی دروستکردووە، بەڵام نەبوونی بەردو پارچەی ئەو پێکدادانە لەدەوروبەری ئەو چاڵە، کاتێک پێکدادانێکی لەو جۆرە گەورەیە روودەدات، ئەم بۆچوونەش بەهەند وەرنەگیرا، بەمەش ئەو چاڵە بووە نهێنییەکی ئاڵۆز، وای لەدانیشتووانی ئەو ناوچەیە کرد کە بەدوای ئەفسانەو هەر قسەیەک بکرێ سەبارەت بەو چاڵە بگەڕین و تا یەکلادەبێتەوە بەڕاستی بزانن.
دەگوترێ خەڵکی کاتێک لەو چاڵە نزیکدەبنەوە هەست بەترس و دڵەڕاوکێ و ئازار دەکەن، هەر کەسێک لێی نزیک بووبێتەوە، دوای ماوەیەکی کورت وەفاتی کردووە، یان خۆی کوشتوە یاوەکو ورچەکانی ئەو ناوە پارچە پارچەیان کردووە، ئەوانەی بەو ناوچەیەدا رۆیشتوون، توشی رووداوی سەیرو حاڵەتی مردنی نا لۆجیکی بوونەتەوە.