رەنگە پەیوەندی نێوان ئەم سیانە وەک پەیوەندی نێوان دۆینەو ویسکی وا بێت! بەڵام لەڕاستیدا قوڵترو خەستترە.
رۆژی چوارشەممەی داهاتوو، لۆبییەکی تورکی لەواشنتۆن، وێبینارێک سازدەکات کە تیایدا ئەندامی کۆنگریسی کۆمارییەکان و نزیک لە ترەمپەوە لیندزی گراهام قسەکەری سەرەکی دەبێت تیایدا. ئەمە چەندین مانگە ئەم لۆبییە هەوڵی ئەوە ئەدەن کە گراهام رازی بکەن. لۆبییەکە لەبواری بیزنێسدایە، بەڵام نەک هەر دابڕاونییە لەسیاسەت، بەڵکو لەدڵی سیاسەتدایە.
بەکورتی دوو ئامانجیان هەیە:
یەکەم، ئەگەر کۆرۆنا دەبێتە هۆکاری گرژی زیاتری نێوان ئەمریکاو چین، ئەوا ئەمریکا بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت کە چۆن قەرەبووی دەستبەرداربوون لە چین بکاتەوە، ئەوەی پێی دەڵێن دی-کەپڵینگ. تورکەکان پێشنیاری ئەوەدەکەن کە تورکیا دەتوانێت جێگەی چین بگرێتەوە بۆ ئەمریکاو کاڵای هەرزان بۆ ئەمریکا بەرهەم بهێنێت.
دووەم، هەردوو وڵات، ئەمریکاو تورکیا چۆن پێکەوە هەوڵی ئەوە بدەن کە بچنە ناو بازاڕی ئەفریقاوە. ئەمە دوو ئامانجی هەیە: یەکەم، ئەفریقا لەداهاتوودا دەبێتە یەکێک لەگەورەترین کیشوەرەکان لەڕووی دانیشتووانەوەو دووەم، زۆرترین دەستی کاری هەرزانی تیادا دەبێت، کاتێک هەموو دونیا پیر دەبێت، بەبەراورد.
لێکەوتەی ئەمە ڕاستەوخۆ لەسەر ئێمە دەبێت. وەک لەماوەی پێشوودا دەرکەوتووە، پەیوەندی باشی ئەمریکاو تورکیا زیانی دەبێت بۆ ئێمە کاتێک تورکیا ئامانجی ئەوەبێت کە ئەو پەیوەندییە بۆ زیانی ئێمە بەکاربهێنێت، وەک لەڕۆژئاڤادا بینیمان. بزانین چوارشەممە چی دەوترێت، زیاتر ئاگادارتان دەکەمەوە. بەڵام هەموو ئەمە ئاماژەیە کە دۆخی ئێمە راستەوخۆ پەیوەستە بەدۆخی جیهانەوە، بۆیە دەبێت گەورەترو ئاڵۆزتر بیربکەینەوە.
هەروەها دەبێت پەلە بکەم لەتەواوکردنی کتێبەکەی چینم.