ژیان چەندە جەنجاڵ و زەحمەت بێت و چەندە قورس وناهەموار، بەڵام ناكرێ راستییەكانمان بیربچێت و هەڵوێستە مرۆڤانەو ئازاكانمان لەبەرچاو نەبێ. هەموو باش دەزانین پەتای كۆرۆنا، كۆڤید ١٩ پەلاماری مرۆڤایەتی داوەو لەسەدا هەشتای وڵاتانی دونیای گرتووەتەوەو زلهێزێكی ئابووری و سەربازی و تەندروستی وەك ئەمریكای ئازار داوەو لای خۆشمان لەگەڵ بارودۆخی نا لەباری ئابووری و سیاسی هەرێم، كۆرۆنا بەرۆكی گرتووین و بەداخیشەوە خەڵكێكی زۆر تووشبوون و ژمارەیەكیش كۆچی دواییان كرد، لەگەڵ كەمیی توانای تەندروستی هەرێم لەچاو وڵاتا نی تردا، بەڵام وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەكانی شارەكان و قەزاو ناحییەكان و خەستەخانەكان لەقەدەر توانای خۆیان ئازایانە هاتنە دەست و بوێرانە كاریان كرد.
لەو پرۆسەیەدا كە تا ئێستاش بەردەوامە ژمارەیەكی زۆر دكتۆر، كارمەندی تەندروستی، دەرمانساز، كارمەندی تاقیگەو ئەشیعەو شوفێری ئیسعاف و كارمەندی ئیداری و كارگوزارو كەسانی پەیوەندیداری تر سەنگەری پێشەوەی جەنگەكەیان گرتووەو ئازایانەو بوێرانە خزمەتی تووشبووانی ئەو پەتایە دەكەن و ژیانی خۆیان و ماڵ و مناڵ و كەسوكاریان دەخەنە مەترسییەوەو ئەركی مرۆڤانەیان جێبەجێدەكەن. بۆیە هەقی خۆیەتی سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانە بكەین سەری رێزیان بۆ دانەوێنین و داوا لەحكومەت بكەین رێزیان لێ بنێ، هەر هیچ نەبێ مووچەكەی خۆیان بداتێ.