پێناسە

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ، حیزبێکی سۆشیال دیموکراتی گەلی کوردستانی عێراقە، لەپێشەوەدا نوێنەری کرێکاران و ڕەنجدەرانی بیرو بازوی کۆمەڵ تێدەکۆشێت لە پێناو تەواوکردنی ئەرکەکانی ڕزگاریی نیشتمانی و سیستەمی دیموکراسی سکۆڵار، بیناتنانی کۆمەڵی پێشکەوتووی گونجاو لەگەڵ هەلومەرجی ئێستای دنیادا، درێژەی خەباتە نەپساوەکەی بگاتە وەدی هێنانی یەکسانیی کۆمەڵایەتی، بۆ ئەوەی بتوانێت تەبا لەگەڵ بنەماکانی پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی هاوسەنگ کە خۆی لە دابینکردنی خۆشگوزەرانی، پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، مافەکانی تاک، یەکسانی ژن و پیاو، یەکسانی لەبەردەم یاسادا ببینێتەوە، هاوکات خەبات دەکات بۆ: دابینکردنی یەکسانی لە دەرفەتەکانی کار، نشونماکردنی سەربەخۆیی تاک، نەهێشتنی چەوساندنەوە، بنەبڕی هەڵاودێری ڕەگەزی و چینایەتی و نەتەوایەتی، لە لایەکی ترەوە: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە حیزبێکی کوردستانیە و مەیدانی کارکردنی کوردستانی عێراق و تەواوی عێراقیشە، ئەرکێکی دیکەی لە ئەستۆدایە ، کە دابڕاو نییە لە ئەرکەکانی تری کوردایەتی، ئەویش تێکۆشانە بۆ چەسپاندنی کۆماری عێراقی دیموکراتی فیدراڵی و پەرلەمانی، کە بنەماکانی لە چوارچێوەی دەستووردا جێگربووە.

چونکە مەیدانی عێراقیش بە بەشێک لەو مەیدانە سەرەکییە دەزانێت کە تیایدا بەرگری لە دەستکەوتە دیموکراسیەکانی گەلانی عێراق و گەلی کوردستان دەکات، تا بنەماکانی هاووڵاتی بوون لە عێراق دا نەبنە بنەمای سڕینەوەی ئەو جیاوازییانەی کە لە دەوڵەتە فرە نەتەوە و فرە ئایین و فرە مەزەەبییەکانداهەن، بەڵکو ببنە بنەمای هاووڵاتی بوونێکی جێگیر لەسەر بنەمای مافە مەدەنییە هاوچەرخەکان.

تەواوی ئەو لێکدانەوەیەی سەرەوە وەک لێکدانەوەیەکی هەمەڵایەن ، لە هەمان کاتدا، لێکدانەوەیەکی یەک پاکێجی، دەتوانێت ببێتە بنەمای جیهانبینی سۆشیال دیموکراتانەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک ڕێکخراوێکی دیموکراتی ڕزگاریخوازیی کوردستانی، کە سۆشیالیزم بە مەودا دیموکراتیەکان و دیموکراتیش بە ڕەهەندە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەبەستێتەوە و زەمینەکانی گواستنەوەیەکی بێ هەژانی کۆمەڵایەتی زیانبەخش، بۆ سۆشیالیزم، لە داهاتووی دووردا وەدی دێنێت.

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو